"لەسەرەی سەموونیش شەڕ روودەدات"

لەسەر شەڕەکەی نۆرەگرتن بۆ دۆلار فڕۆکەخانەی هەولێر روونکردنەوە دەدات

+964

فەرمان سادق

لەنۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی دۆلار لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەبێتە شەڕ، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەش دەڵێ، لەسەرەی سەموونیش شەڕ هەر روودەدات.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15.2.2023، دیمەنێکی ڤیدیۆیی لەسۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە و تێیدا دەردەکەوێت لەنۆرەگرتنی گۆڕینەوەی دۆلاردا دوو کەس دەبێتە شەڕیان.

بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندی عێراق، هەموو ئەو کەسانەی گەشت دەکەن بۆیان هەیە دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندی وەربگرن کە 132 هەزار دینارە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە تۆڕی964 راگەیاند، بڕیارمانداوە ئامێرێکی تایبەت دابنێین کە سەرەگرتنی هاوڵاتیان لەڕێگەی پێدانی تکتی سەڕەوە رێک بخات.

بڕیاردرا ئامێرێک دابنرێت کەسەرەگرتن رێکبخات

زیاتر وتی “ئەوەی روویداوە حالەتێکی ئاساییە، لەسەرەی سەموونیش شەڕ هەر روودەدات، بۆیە ئەمەش ئاساییە”.

بانیکی ناوەندی، دوو ژمارە تەلەفۆنی بڵاوکردۆتەوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات لەکاتی بوونی هەر کێشە و گرفتێک دەتوانن پەیوەندی بکەن.

لەسەرەی سەموونیش شەڕ هەر روودەدات، بۆیە ئەمەش ئاساییە

لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەو هاوڵاتیانەی گەشت دەکەن بۆیان هەیە دۆلار بە بەهای 132 هەزار دینار وەرگرن، بۆ ئەمەش بانکی (RT) لەناو فڕۆکەخانەی هەولێر لەلایەن بانکی ناوەندی، رێگەپێدراوە دۆلار بەو نرخە بداتە گەشتیاران.