ئەنجومەنی وەزیران

رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاری ئیدارەی گەرمیان درا

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی لەسەر كۆمەڵێك داواكاریی ئیدارەكەیان دا، چەند داواكارییەكی دیكەش پێشكەش كراون و دیراسە دەكرێن.

پەیجی فەرمیی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ئەمشەو یەکشەممە 25.5.2025  لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، “سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سه‌رپه‌رشيارى ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوون، باس لە کێشەو گرفت و داواکاریيەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کرا، کە لە رۆژی 16ی ئەم مانگە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابوون، هاوکات، تیشکخرایە سەر ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیيان و مەترسی قەیرانی وشکەساڵی”.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا، بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئیدارەی گەرمیان کە پێشتر ئاراستەیان کرابوو، ئەمە جگە لەوەی لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە کۆمەڵێک داواکاری دیکەی تایبەت بە خزمەتکردنی زیاتری سنورەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرا و ئەوانیش لای خۆیانەوە جەختیان کردەوە، کە دیراسەی داواکارییەکان دەکرێت.

بە گوێرەی راگەیاندراوەكەی ئیدارەی گەرمیان، ئەو داواکارییانەی خوارەوە رەزامەندی لەسەر درا:

1. گۆڕینی فەرمانی پێدانی زەوی بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە ناحیەی سەرقەڵا بۆ ناحیەی رزگاری.

2. کڕینی 10 ئامێری شۆفڵ و گەڵابە و حەفارە و گرێدەر و عادیلە، بۆ شارەوانییەکانی سنوری گەرمیان.

3. کڕینی چوار سەلەی کارەبا بۆ کارەبای گەرمیان.

4. زیادکردنی پێشینەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوربەری گەرمیان.

5. هێنانەکایەی فەرمانگەی باجی دەرامەت و خانووبەرە لە قەزای کفری.

6. بەخشینی بەڵێندەر لە سزای دواکەتنی کارەکانی لە کاتێکدا کە نەختینەی پێویستی پێ نەدرێت.

7. دروستکردنی پردێک لە سەر رووباری سیروان لە ناو شاری کەلار.

8. دروستکردنی شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە.

9. ئاراستەکردنی نووسراو بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەمەبەستی گرتنەبەری رێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی رزگاری.

ناوچەی بازرگانی ئازاد لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و ئێران...

ناوچەی بازرگانی ئازاد لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و ئێران دەکرێتەوە