ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا کراون کە بە مەلیکە ناسراوە - فۆتۆ: ئەرشیف
لە سبەینێوە
لە کۆیە دەست بە تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەکرێت
964+
وریا فەتاح
ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر لە کۆیە، شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە کە لەمەودوا دەتوانن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانیان تۆمار بکەن و کۆدی ئاسایشیان بۆ وەربگرن، بەڵام بە چەند مەرجێک.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر، پرۆسەی تۆمارکردنەکە لە رۆژی یەکشەممە 17.5.2026ـەوە لە قەزای کۆیە و دەوروبەری دەستپێدەکات.
بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکە، پێویستە شۆفێران سەردانی “سایلۆی کۆیە” (سەرووی هەزەی کۆیە) بکەن و ئەم پێداویستییانەی خوارەوەیان پێ بێت:
کۆدی ئاسایشی کەسی.
کارتی نیشتمانی (ئەسڵی).
کارتی زانیاری (ئەسڵی).
مۆڵەتی شۆفێری.
وێنەی هەر چوار لای ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ وێنەی ژمارەی شانسی (دەبێت هەمووی لەسەر یەک کاغەزی قەبارە A4 چاپ کرابێت).
ئاسایشی کۆیە چەند تێبینی و مەرجێکی توندی بۆ شۆفێران داناوە کە بریتین لە:
تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە سەردان بکەن کە پێشتر هیچ تۆمارێکیان بۆ نەکراوە، ئەوانەی پێشتر تۆمار کراون پێویست ناکات بچن.
ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانەی پێشتر تۆمار کراون، بە هیچ شێوەیەک گواستنەوەی خاوەندارێتی (بەناوکردن)ـیان بۆ ناکرێت.
هەر ئۆتۆمبێلێک جامی رەش بێت، پەردە و گلۆپی زینۆنی پێوە بێت، یان نووسین لەسەر جامی پشتەوەی هەبێت، مامەڵەی بۆ ناکرێت و کۆدی پێنادرێت.