خولیان بۆ دەكرێتەوە

بازرگانانی هەولێر بەخۆڕایی فێری زمانی چینی دەكرێن

ئەرسەلان عەبدوڵا

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ئاشكرای كرد، خولێكی خۆڕایی بۆ بازرگان و خاوەن كۆمپانیاكانی هەولێر بۆ فێربوونی زمانی چینی دەكرێتەوە.

كامەران محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە 25.5.2025 بە 964ی راگەیاند، بازرگانان، خاوەنکاران و خاوەن کۆمپانیاکانی ئەندام لە ژوورەکەیان، ئەوانەی هەڵگری ناسنامەی ژوورن، دەتوانن بەشداریی خولێكی فێربوونی زمانی چینی بكەن.

وتیشی، خولەكە زانکۆی جیهان بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئەنجامی دەدات، بە ئامانجی ئەوەی خاوەن و بازرگانانی كوردستان فێری زمانی چینی ببن، كە ئێستا ناوەندێكی گەورەی بازرگانییە لە جیهان و كۆمپانیا و كەلوپەلی چینییش بە قەبارەیەكی گەورە روویان لە بازاڕی عێراق و كوردستان كردووە.

كامەران محەمەد زانیاریی ئەوەی دا، كە ئەوانەی دەیانەوێت بەشداریی بكەن، دەتوانن بە پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی  07504730390 بكەن.

كردنەوەی خولەكە هاوكات لەگەڵ هاتنی شاندێكی بازرگانانی وڵاتی چین بۆ شاری هەولێر و دیداریان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر هەبوو.