كەركوک
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی میهر بۆ قورئانخوێندن بەڕێوەچوو
964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک
دووەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی میهر بۆ قورئانخوێندن لە شاری کەرکوک بە بەشداریی قورئانخوێنانی نێودەوڵەتی هەریەک لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، عومان و کوردستان بەڕێوەچوو.
محەمەدئەمین ئەسەدی، لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدار بوو بە 964ی وت، بە شێوەی تەحقیق و تەدویر قورئان دەخوێنم، سەرەتا بە تەحقیق دەمخوێند، لە بۆنە و دانیشتنەکان بە شێوەی چەند مەقامێک قورئان دەخوێندرێت، کە رێگە پێدراوە، بەڵام لە ناو نوێژدا فریا ناکەویت و تەنیا بەیەک شێوە دەخوێندرێت، شێوازی خوێندنەوەی قورئان لە شاری سنە و ئێران هاوشێوەی وڵاتی میسرە.
قورئانخوێنی نێودەوڵەتی هەزاع بەلوشی لە وڵاتی سەڵتەنەی عومانەوە بەشداری فێستیڤاڵەكەی كرد، ئەو بە 964ی وت، لە دووەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی میهر بۆ قورئانخوێندن بەشداربووم، جێگەی دەستخۆشییە بۆ ئەوانەی کە پێی هەڵساون، ئومێدەوارم لە داهاتوودا جاری دیکە بەشدارببمەوە، خوێنەری زیاتر بەشداربن و بێنە کوردستان.
هەزاع وتیشی، پێشتر بە شێوەی تەرتیل قورئانم دەخوێندەوە، بەڵام لە ساڵی 2014 وە ناوبانگم دەرکرد لە ناو دەزگە راگەیاندنەکان، هیوادارین پەروەردگار لێمان رازی بێت و قبوڵی بکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا