بە نەتەوە عەرەبە
گەشتیارێک لە ئاوى خابووردا خنکا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، گەشتیارێکى بەنەتەوە عەرەب لە ئاوى خابووردا خنکا.
رووداوەکە لە دەورووبەرى کاتژمێر 3ـى دوانیوەڕۆ لە نزیک گوندى چەمسیرمۆى سنوورى زاخۆ روویداوە و تیمەکانى بەرگرى شارستانى بەدواى تەرمەکەیدا دەگەڕێن.
جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـى وت،”تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و بەدوای تەرمی خنکاوەکەدا دەگەڕێن، ئەوەى روونبووەتەوە ناسنامەی کەسەکە دیارە و گەشتیارێکى بەنەتەوە عەرەبە و لە رەگەزى نێرە، بەڵام تەمەنەکەى نەزانراوە و نازانرێت خەڵکى کوێیە”.
ئاشکراشى کرد، ئەوە یەکەم حاڵەتى خنکانە لەمساڵدا کە لە خابوورى زاخۆ رووبدا.
لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و هاتنى وەرزى هاوین، خەڵک و گەشتیاران بۆ مەلەکردن روولە رووبار و چەمەکان دەکەن و بەوهۆیەوە رووداوەکانى خنکان، زۆر دەبن.
نوێکردنەوە لە کاتژمێر 4:33
گەشتیارە خنکاوەکە ناوى محەمەد خضیر خەلەفە و تەمەنى 24 ساڵە و دانیشتووى قەزاى شێخانە.
نوێکردنەوە لە کاتژمێر 5:04 خولەک
جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964ـى وت،”بە هەوڵى تیمەکانى بەرگرى شارستانى زاخۆـ تەرمى گەنجەکە دۆزرایەوە و دەرهێندراوەتەوە و ئێستا لە پزیشکى دادە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح