بەشێكی بەقاچاخ هەناردە دەكرێت

هەرێم رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 350 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە

964+

محەمەد فاتیح

سەرۆکى رێکخراوێكی تایبەت بە زانیارى لەسەر نەوتى کوردستان باس لەوە دەكات هەرێم بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی نەوت بەڵام هاونیشتیمانیان سودی لێ‌ نابینن و بە نرخی بازرگانی پێیان دەفڕۆشنەوە.

وریا حوسێن حەبیب سەرۆکى رێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نەوتى کوردستان بە 964ـی وت، “لە هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامە و نەوت بە نرخی مەدعوم دەدرێت بە پاڵاوگەكانی قەیوان و لاناز و كار و ئەوانیش بە نرخی بازرگانی بە هاوڵاتیانی دەفڕۆشنەوە، ئەمەش هۆكاری گرانبونی بەنزین و نەوت و سووتەمەنێكانی دیكەيه”.

“لەئێستادا هەرێمی كوردستان رۆژانە توانی بەرهەمێنانی 350 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و بەشێكی بە قاچاخ هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەكرێت و بەشێكیشی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان بەركار دەهێنرێت” وریا حوسێن حەبیب واى وت.

هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە، لەوەتەی ئاداری 2023ەوە وەستاوە و ئەمەش زیانی زۆری بە ئابووریی كوردستان و عێراق گەیاندووە.