هەڵمەتەکە مانگێک دەخایەنێت

بەڤاکسینی دژەڤایرۆس کوتانی قەسابەکان دەستیپێکرد

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بە بڕیاری تەندروستی سەڵاحەدین سەرجەم کرێکارانی قەساب و چێشتخانەکان بەڤاکسینی دژە ڤایرۆس دەکوترێن، ئەمڕۆش لە یەکەم هەڵمەتدا نزیکەی 50 قەسابخانە و چێشتخانەی قەزاو ناحیەکان بەسەرکرانەوەو کرێکاران بە ڤاکسینی دژە ڤایرۆس کوتران و چارەسەریان پێدرا.

محەمەد ئەکبەر، بەڕێوەبەری بنکەی گشتی تەندروستی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، هەڵمەتەکە ماوەی مانگێک دەخایەنێت و دەبێت لەو ماوەیەدا سەرجەم کرێکارانی قەساب و چێشتخانەکان بەڤاکسینی دژەڤایرۆس بکوترێن.

وتیشی، پێمانوایە قەسابخانە و بەشێک لە چێشتخانەکان سەرچاوەی یەکەمی فایرۆس و نەخۆشیە گواستراوەکانن و لەسنووری ئەوانەوە ڤایرۆس و نەخۆشیەگواستراوەکان سەرهەڵدەدەن و دەگوازرێنەوە بۆ سەر مرۆڤەکان و مەبەستیانە چی زووە رێگری لەهەمو گومانەکان بکەن و تەندروستی هەموو لایەک پارێزراوبێت.

ئاماژەی بەوەکرد، هەر ئەمڕۆ زیاتر لە 100 کرێکاری قەساب و چێشتخانەکان بە ڤاکسینی دژە ڤایرۆس و نەخۆشیە گواستراوەکان کوتران و جگە لەوەش رێنمایی خۆپارێزیان پێ دراو چیتر رێگە نادەن بە بێ دەمامک و دەستکێش کاربکەن و دەبێت پابەندی سەرجەم رێنماییەکانی تەندروستی بن.

ئەمانە هەمووی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانەن کە بۆ خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون ئەنجام دەدرێت و بەتایبەت نزیکبوونەو لە جەژنی قوربان رەنگە مەترسییەکان زیاتر بکات و زیاتر خۆ ئامادەکردنی دەوێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی