گەنجان ناتوانن لێیان ببەنەوە
یارى دامە دنیادیدەى گەڕەکە میللییەکان لە دەورى یەکترى کۆدەکاتەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
دواى ئەنجامدانى نوێژى عەسر، دنیادیدە و پیاوە بەتەمەنەکانى گەڕەک لە نزیک دیوارى مزگەوت کۆدەبنەوە و یارى دامە ئەنجام دەدەن.
یارییەکە جوڵەى بەردە کە لە رێگەى پەنجەکانەوە دەجوڵێندرێت، پێویستى بە خەرجکردنى وزەى جەستەیى نییە، بەڵام شارەزایى و لێهاتوویى و وردەکارى و تەکنیکى زۆرى پێویستە.
مام وەلید کە دنیادیدەیەکى گەڕەکى کوردستانە لە شارى هەولێر بە 964ـى وت،”دواى نوێژى عەسر دەست دەکەین بە یارى دامە، یارییەکە تەنها بۆ خۆشى و کاتبەسەربردنە”.
پیرەپیاوان کاتێک دەست دەکەن بە یاریکردن، ئەوەندە بە قوڵى دەچنە ناو یارییەکەوە، هەموو هۆش و بیریان لەسەر ئەو تەختەیە کۆدەکەنەوە کە هێڵەکانى لەسەرکێشراوە، هەربۆیە مام وەلید دەڵێت، لەو کاتەدا زۆرجار ئەوەندە رۆدەژچینە ناو یارییەکە، وەڵامى سەلامیش نادەینەوە.
هەرچەندە لەناوخۆیاندا سەردەخەنە سەر یەکترى و بە یەکترى دەڵێن،”هەى یارى نەزان”، بەڵام وەک ئەوەى مام وەلید باسى دەکات، ئەوە بۆ خۆشییە و هەمووان یاریزانن.
یاری دامە لەسەر تەختەیەکی دار لەنێوان دوو کەس ئەنجام دەدرێت، شێوەی تەختەی یارییەکە لە هەشت یەکەی چوارگۆشەیی پان و هەشت یەکەی چوارگۆشەیی درێژی پێکهاتووە، ژمارەی چوارگۆشەکان 64 دانەن و پارچەی پووڵی دامەکانیش بە شێوەی بازنەیین رەنگیان جیاوازە، زۆربەی کات رەنگیان یان ڕەشە یاخود سپییە و ژمارەیان 32 پووڵن، ئەم یارییە دووکەسییە و هەر تاکێک 16 پووڵی دامە بۆ یاریکردن بەکاردەهنێت.
ساڵانە چەندان پاڵەوانێتی جیهانی بۆ ئەم یارییە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە هەرێمى کوردستان زیاتر ئەو کەسانە دەیکەن کە دنیادیدە و بەساڵاچوون، لە دەورى یەکترى کۆدەبنەوە و تاوێکى باش دەچنە ناو یارییەکە و رۆژەکەیان تەواو دەکەن، هەرچەندە جارجاریش گەنجان یاریان لەگەڵ دەکەن، بەڵام دنیادیدەکان لەو یارییەدا پاڵەوانن و گەنجان چەنەبەریان نایەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح