ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان. وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
راپەڕین و گەرمیانیش بەشیان دەدرێت
وەزیرى دارایى 45 ملیار دینار بۆ هەڵەبجە و سلێمانى خەرج دەکات
964+
وریا فەتاح
وەزیری دارایی هەرێم، زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین خەرج دەکات، لەو ژمارەیە 20 ملیارى بۆ شەقامى 100 مەترى سلێمانییە و رێگاى کەلار دەربەندیخان و نەخۆشخانەى هیواش بەریان دەکەوێت.
وەزارەتى دارایى بڵاوى کردووەتەوە کە خەرجکردنى ئەو پارەیە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین.
وەک باسکراوە، لەچەند رۆژی رابردوودا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەکێتی بەڵێندەران و بانکەکانی سەر بەوەزارەت، دوای ئەو کۆبوونەوانە و ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکان، وەزیرى دارایى بڕیاریداوە بە تەرخانکردنى ئەو پارەیە.
هاوکات وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریداوە بەبەردەوام بوونی لیژنەی خەرجکردنی گەڕانەوەی ( التأمینات و خطاب الضمان )ـی بەڵێندەران لەسەرجەم بانکەکان، ئەوەش بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەکان بەپێی رێژە و گوژمەی دیاریکراو.
بڕە پارەکە بەم شێوەیە خەرجکراوە:
یەک: 4 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی.
دوو: 4 ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
سێ: 3 ملیار و 500 ملیۆن دینار، بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی سلێمانی و دەوروبەری.
چوار: 3 ملیار دینار بۆ سەرجەم پرۆژەکانی ئیدارەی گەرمیان.
پێنج: 2 ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین.
شەش: 2 ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
حەوت: 5 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی رێگای دوو سایدی کەلار – دەربەندیخان.
هەشت: 20ملیار دینار وەک شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی ( 100 ) مەتری سلێمانی ( شاڕێی بابان ).
نۆ: 1ملیار و 500 ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاک.