"فشارەکانمان زیاتر دەکەین"
ناوهێنانی خورماڵ لە نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە بە ناحیە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە
964+
ئەمەل ناجی – خورماڵ
ناوهێنانی خورماڵ لە نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە بە ناحیە کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە پەسەندکراوە، ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکەی لێکەوتەوە و دەڵێن، خورماڵ ناحیە نییە و قەزایە و یاداشتێکیشیان داوەتە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 28.4.2025 بەشێک لە دانیشتووانی خورماڵ گردبوونەوە و مەریوان مەعسوم لە ناو گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “داوا دەکەین بە زووترین کات خورماڵ بە کرداریش بکرێت بە قەزا، نەک تەنها بە وتن و نووسین، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکانمان، ناڕەزایەتی و فشارەکان زیاتر دەکەین”.
هەروەک عادل کۆچەری، دانیشتوویەکی دیکەی خورماڵ وتی، “دوای راگەیاندنی کەمپەینی بە قەزا کردنی خورماڵ لەلایەن چالاکوانانەوە و پاش شەش مانگ، شارەکەمان کرا بە قەزا، کەچی لە نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، وەک ناحیە ناوی هاتووە”.
رۆژی 30.7.2023 فەرمانی بە قەزاکردنی خورماڵ ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کرا، دواتر لە 3.6.2024 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی واژۆکرد، بەڵام تا ئێستا وەک ناحیەکەی جاران مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و نەتوانراوە قایمقامێکی بۆ دیاری بکرێت، وەک دەردەکەوێ لەلای حکومەتی عێراقیش، هێشتا خورماڵ ناحیەیە و نەبۆتە قەزا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری