کاری بڕین لە رێگەکەدا دەکرێ - وێنە: چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن
ئەمڕۆ دەستیان پێکرد
بێخەم بچن بۆ پێنجوێن؛ هەموو چاڵە قوڵەکانی ناڵپارێز پڕدەکرێنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیتر بێ خەم لێ بخوڕن بۆ پێنجوێن، ئامێریان هێناو و دەستیان کرد بە نۆژەنکردنەوەی رێگای ناڵپارێز بۆ پێنجوێن، پڕۆژەکە راستەوخۆ بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانیەوە سەرپەرشتی دەکات.
هەموو ئەو چاڵ و چۆڵی و رەگلانەی لە رێگەکەدا هەیە و دروست بووە، بە درێژایی چەندان کیلۆمەتر کاری بڕین و نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێ، ئەمە کاری یەکەمجاری ئیدارەی قەزاکە و رێگاوبانی سلێمانی نیە.
پێشتر، بۆ قیرتاوکردن و چاککردنەوەی شەقامی سەرەکی پێنجوێن لە قۆناغی حەوتەم بڕی 92 ملیۆن و 774 هەزار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی دابین کرا بوو.
بە قسەی رەئوف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بێت بۆ 964، ئەوان دەتوانن لە %15ی داهات بەکاربهێننەوە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە و ئەوەش دەبێت دەرخستەی بۆ بکەن رەزامەندی لەسەر بدرێت لە وەزارەتی داراییەوە، کە بەشێک بۆ خزمەتگوزاری و رێگەبانەی قەزاکەیە.
پێنجوێن داهاتی شارەوانییەکەی، لەسەر فرۆشتنی زەوی و رسوماتی مامەڵەی هاوڵاتیانە و ئەگەر هاوڵاتییەک بای ملیۆنێک دینار مامەڵە بکات ئەوا لە %15ی تەرخاندەکرێت بۆ شارەوانییەکە.
