كەشوهەوا

ئەمڕۆ تاوەباران و هەورەتریشقە هەیە و ئاگاداری خۆتان بن

ئەرسەلان عەبدوڵا

پێشبینیی دەكرێت ئەمڕۆ بە گشتی ئاسمانی هەرێمی كوردستان هەور و نیمچەهەور بێت، لەگەڵ تاوەبارانی پچڕپچڕ و ئەگەری هەورە تریشقەش هەیە.

بەشی كەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، رەوشی كەشوهەوای 48 كاتژمێری داهاتووی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەداوە ئەمڕۆ سێشەممە 8.4.2025 ئاسمان بە گشتی هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری تاوەباران و هەورەتریشقە.

هەروەها باسی ئەوەیان كردووە، کاریگەریی ئەم ناجێگیرییە لە کەش، سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی دەبێت، پاشان درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشێک لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە شەودا دەگاتە سنووری ئیدارەى راپەرینیش.

بەشی كەشناسی هۆشداریی ئەوەشی داوە، بروسکە لە ناوچە بەرزەکان وەک لوتکەی شاخەکان و گردۆلەکان، هەروەها رووە دەشتاییەکانیش مەترسیدارە و پێویستە هاوڵاتیان ئاگاداربن و خۆیان بپارێزن.

هاوكات سبەی چوارشەممەش كەشەكە بە جۆرێكە، لە کاتەکانی بەیانی تا نیوەڕۆ بەشێک لە ناوچە سنوورییەکان و شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری کەمێک نمەباران و هەورە تریشقەیان هەیە، لە دوای نیوەڕۆ دووبارە کاریگەریی ناجێگیری لە کەشی ناوچەکە زیاد دەکات، هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ هەیە هەندێ کاتیش لەگەڵ باران تێکەڵ دەبێت.

بەرزترین پلەكانی ئەمڕۆی گەرما بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 28

سلێمانی: 27

دهۆک : 26

کەرکوک : 32

زاخۆ: 27

هەڵەبجە: 28

سۆران: 26

حاجی ئۆمەران: 17

گەرمیان : 33.