دیمەنێکی ئاکرێ - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
ئاکرێ
پایتەختى نەورۆز بە 10 تیمى تەندروستییەوە ئامادەیە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
بۆ ئەم نەورۆزە، تەندروستى ئاکرێ 10 تیمى ئامادەکردووە بۆ چاودێرى نەورۆز لە پایتەختى نەورۆز، وتەبێژى تەندروستى قەزاکەش دەڵێت: بۆ هەر رووداوێکى نەخوازراو لە رێگەى ژمارە 122 پەیوەندیمان پێوە بکەن.
بڕیارە ئێوارەى سبەینێ 2025.3.20، لەکاتژمێر 6:45 بەئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر لە ئاکرێ ئاگری نەورۆز هەڵبکرێت و دوایی لە کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە یارییە ئاگرینەکانیش هەڵدەدرێن و ئاهەنگ سازدەکرێت.
نێچیرڤان فەخرەدین، وتەبێژی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە964ـی وت،”بۆ سبەی رۆژی پێنجشەممە ئێمە وەک بەشی تەندروستی ئامادەکاری باشمان کردووە، و تیم و کارمەندمان زیاد کردووە”.
10 تیمى تەندروستى بە 10 ئۆتۆمبێلى فریاگوزارییەوە لەسەرهێڵن و ئامادەن
بە وتەى نێچیرڤان فەخرەدین، پێنج تیمی گەرۆک لە (سەرێ تێشتێ، کانی زەرک، غابات بەرامبەر رەفایێ، گرێ شێخ ماڤ، گەلیێ شێخ عەبدولعەزیز) جێگیرکراون، پێنج تیمى دیکەش لە ئامادەباشیدان بۆ هەر حاڵەتێک کە پێویستى بە خەواندن هەبێت لە نەخۆشخانە، ئەوانیش دابەشکراون بەسەر بنکەکانى (تەندروستی ئاکرێ، تەندروستی میرحاج، تەندروستی مهەت، سەرێ گری، بەردەرگای قشلە).
نەورۆز لە ئاکرێ تام و رەنگى خۆى هەیە و شارەکە بە پایتەختى نەورۆز ناوبانگى دەرکردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار رووى لێبکەن و ئاگرى نەورۆزى کوردان لەوێ هەڵبکەن.
پێشتریش ئیبراهیم فەریق،بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی قەزای ئاکرێ بە 964ـی وتبوو، ئەمساڵ تیم و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژینەوەمان زیاد کردووە بۆ رۆژی هەڵکردنی ئاگر و یارییە ئاگرینەکان، کە پێکدێن لە 18 تیم و 14 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، کە حەوت ئۆتۆمبێلی گەورە و حەوت ئۆتۆمبێلی بچووکن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح