"زیادەڕۆیین و لایاندەبەین"
شارەوانی خورماتوو ژمارەیەک کەپری کاسبکارانی لە دەروازەی شار رووخاند
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
تیمەکانی شارەوانی خورماتوو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ژماریەک کەپری سەوزە و مێوەفرۆشانی لە دەروازەی قەزاکەی رووخاند و ئەوەش نیگەرانی کاسبکارانی لێکەوتەوە.
سەروەت کەریم سەوزەفرۆش و خاوەنی یەکێک لە کەپرەکان بە964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 26.2.2025 قایمقام و شارەوانی و هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەرمان و بەشۆفڵ، کەپرەکەی من و چەند کەسێکی دیکەیان رووخاند کە ماوەی سێ ساڵە لەم شوێنە کاردەکەین”.
باسی لەوەشکرد، دەچنە هەر شوێنێک شارەوانی بە دوایانەوەن و داوای کرێی ئەو شوێنەیان لێدەکەن و ئەو پارەیەش کە شارەوانی داوای دەکات، لە توانای ئەواندا نییە.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندی بە مەرعی رەشید بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو کرد، ئەو وتی، “لەپێناو پاراستن و جوانکردنی دەروازەی قەزاکەمان، ناوبەناو هەڵدەستین بە لادان و روخاندنی ئەو زیادەڕۆیانەی کە ئەنجام دەدرێت کە بەشێکیان سیمای دەروازەی شاریان بەتەواوی ناشرین کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنێکی تایبەتیان بۆ کاسبکاران تەرخانکردووە کە شوێنیکی فەرمیە، بەڵام بەشێک لەکاسبکاران خۆڕسکانە ئەو زیادەڕۆیانە ئەنجام دەدەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری