یانه‌ی نه‌ورۆز دوو گرێبه‌ستی نوێی واژووكرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانه‌ی نه‌ورۆز دوو گرێبه‌ستی نوێی ئه‌نجام دا و گۆڵپارێزێك و به‌رگریكارێكی گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی.

یانه‌ی نه‌ورۆز، به‌شدار له‌ خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێ، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ په‌یجی فه‌رمی خۆی رایانگه‌یاند، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ نیاز محه‌مه‌د به‌رگریكاری پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر كردووه‌.

نیاز له‌دایكبووی 1992ی هه‌ولێره‌، جگه‌ له‌ یانه‌ی هه‌ولێریش، پێشتر بۆ یانه‌كانی ئەمانەی به‌غدا و شوڕته‌ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاری كردووه‌.

نیاز له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ غازی فه‌هدی راهێنه‌ری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی هه‌ولێر كێشه‌ی هه‌بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد یانه‌ی هه‌ولێر جێبهێڵێت.

یانه‌ی نه‌ورۆز هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د ره‌حیم گۆڵپارێزی پێشووی یانه‌ی مینا كردووه‌.

ئه‌مجه‌د ره‌حیم له‌دایكبووی 1996ـه‌ و پێشتر له‌ یانه‌كانی قوه‌ی جه‌وییه‌، شوڕته‌، ته‌ڵه‌به‌، زاخۆ و نه‌جه‌ف و مینا یاری كردووه‌.

یانه‌ی نه‌ورۆز دووه‌م وه‌رزه‌ به‌شداریی خولی نایابی عێراق ده‌كات و ئه‌م وه‌رزه‌ش تا ئێستا له‌ ریزبه‌ندی 14یه‌ و 17 خاڵی هه‌یه‌.