"ئاگاداری شانە نوستووەکانی تیرۆر بن"
سەدر داوای لە “میلیشیا لەیاسا دەرچووەکان” کرد نەبنە بیانوو بۆ بە ئامانجگرتنی عێراق
فەرهاد حەسەن
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای بێلایەنی عێراقی کرد لە ململانێ هەرێمییەکان و جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی سەروەریی وڵات و رێگری لە پەلکێشکردنی بۆ ناو جەنگێکی نوێ کردەوە، هەمانکات داوای لە حکومەت کرد ئاسایش بچەسپێنێت و چەک سنوردار بکات، و هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی جەنگ و فیتنە.
موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لە پلاتفۆرمی “X” بڵاویكردەوە، “خاکی عێراق خاکی پیرۆزییەکانە و پایتەختی ئالی بەیتی پێغەمبەری خوایە و هیچ کاتێک بنکەیەک نەبووە بۆ بۆردومانکردنی وڵاتان”، داواشی لە سوپای پاسدارانی ئێران کرد کە خاکی عێراق بۆردومان نەکات، هەروەها داوای لە “میلیشیا لەیاسا دەرچوەکان” کرد کە بیانوو نەدەنە دەست بۆ بە ئامانجگرتنی عێراق یان وڵاتانی کەنداو.
جەختیشی کردەوە “پێویستە هەموان خاوەنی رۆحی برایەتی و ئاشتی بن و پەلکێش نەکرێن بۆ ناو پیلانەکانی دوژمن کە ئامانجیان ڕاکێشانی ناوچەکەیە بەرەو شەڕ و ململانێ”، ئیدانەی بە ئامانجگرتنی خاکی عێراقی کرد لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت، هەروەها هەر کارێک کە ببێتە هۆی بردنی وڵات بۆ ناو جەنگێکی نوێ.
سەدر داوای لە حکومەتی عێراق دەکات “ئاسایش کۆنترۆڵ بکات و سەروەری بچەسپێنێت و بە جدی کار بکات بۆ پاراستنی گەلی عێراق و پیرۆزییەکانی و رێگری بکات لە پەلکێشکردن بەرەو خورافاتی تائیفی”، جەختیشی کردەوە کە عێراق “پێویستی بە ئاشتی هەیە دوای ساڵانێک لە جەنگ کە توانا و سامانی وڵاتەکەی پەکخستوە و کاریگەری لەسەر کەرامەتی گەلەکەی هەبووە”.
هۆشداریشی دا لە “شانە نوستووەکانی تیرۆر لە ناوخۆ و دەرەوە کە رەنگە گرژییەکان بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئاسایش” داواکارییەکیشی ئاراستەی هەموو وڵاتانی دراوسێ کرد بۆ گرتنەبەری دیالۆگ و ئاشتی و دورکەوتنەوە لەو سیاسەتانەی کە دەبنە هۆی پەرەسەندن، بە شێوەیەک کە ئاسایشی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.
پەیامەكەی سەدر لەكاتێكدایە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریكا و سعودییە هێرشێكی هاوبەشی فراوانیان كردە سەر چەند پارێزگایەكی عێراق و بارەگاكانی حەشدی شەعبیان بەئامانج گرت كە دەیان كوژراوی لێكەوتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی سعودییە شەوی رابردو گروپەكانی نزیك لە ئێرانی تۆمەتباركرد بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتیەكانی وڵاتەكە و بەڵینی وەڵامدانەوەی دا.