رووداوەكەی شەناغە

نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان سکاڵای لەسەر سوپای عێراق و تۆمار کرد

964+

کاروان ساڵحی-کەرکوک

نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان لە دژی ئەو سەربازەی لە گوندی شەناغە لەسەر تراکتۆرەکەی پەلاماری دا و بە ملپێچەکەی راکێشا، لە دادگای دوبز سکاڵای تۆمار کرد.

دوای ئەوەی رۆژی 17.2.2025 لە گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان كێشە و ئاڵۆزی  لە نێوان جوتیارانی کوردی سەرگەڕان و سوپای عیراق دروست بوو، كە چەند سەربازێك پلاماردانی جوتیارانی کوردیان دا، نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان ئەمڕۆ سکاڵای یاسایی تۆمارکرد.

محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە 964ـی وت، ئەمڕۆ سكاڵام تۆمارکرد، سكاڵاكە تەنیا وەک مافی هاوڵاتیبوونی خۆم نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە گۆڕانکاری لەو عەقلیەتە بکەین کە ئەو مەنزومە سەربازییەی تێدا پەروەدە کراوە و پێشێلکاری بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەکات،  سەربازێکی بەو جۆرە پەروەردە کردووە، بۆیە سکاڵام لە دژی ئەو سەربازە و ئەو ئەفسەرانە تۆمار کرد، کە فەرمانیان بەو سەربازە داوە هێرش بكاتە سەر هاوڵاتیان.

یوسف شوانی پارێزەری دۆسێی جوتیارەکە بە 964ـی وت، ئێمە شانازی بەو سوپایەوە دەکەین کە شانبەشانی هێزەکانی پێشمەرگە بەرگریان لە ئێمەی هاوڵاتی کرد لە مەترسییەکانی چەکدارانی داع*ش* و دەستی دەرەکی، هەروەها سۆپا لە یاسا کاری ئەوەیە لە سەر سنوور بێت نەک هێرش بکاتە سەر جوتیاران و هاوڵاتیان و نووسراوی فەرمیشیان پێ نەبووە، بۆیا ئەمڕۆ سکاڵامان لە دژیان تۆمار کرد و داوا دەکەین دادگا سەروەربێت.

ساتع ناسیح نوێنەری جوتیارانی تۆپزاوە لە لای خۆیەوە بە 964ـی وت، داواکارە بڕیارەی گەڕانەوەی زەویوزاری کورد بە زووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە هەرجارەو لە شوێنێک کێشە سەرهەڵدەدات و بەداخەوە سوپا لەو ناوەندە لایەنگری نەتەوەیەکە دەکات لە دژی نەتەوەیەکی دیکە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە سوپای عێراق هێرشی كردەسەر ژمارەیەك جوتیاری كورد لە گوندی شەناعەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، كە دەیانویست زەوییەكانیان بكێڵن، لە یەكێك لە دیمەنەكانیش سەربازێك جوتیارێك لە ملپێچەكەی لەسەر تراكتۆرەكەی رادەكێشێت، ئەمە كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستان و هاوڵاتیانی كوردستان، جیا لەوە ئەم رووداوە وایكرد بڕیاری گەڕاندنەوەی زەویوزاری دەستبەسەرداگیراوی كوردان بە بڕیاری رژێمی پێشووی بەعس، كە پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەم ساڵ پەسندی كرد، لە رۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاوبكرێتەوە و دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە بكرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ جوتیارانی سەر...

شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ جوتیارانی سەرگەڕان کۆبوونەوە