سعودیە یەکەم رۆبۆتی خۆی نمایشکرد

+964

هێرۆ مەولودی

بۆ یەکەمجار سعودیە رۆبۆتێک نمایشدەکات کە بە زمانی عەرەبی قسەدەکات.

لە هەنگاوێکی تەکنیکی ناوازەدا، یەکەم ڕۆبۆتی سعودی کە بە شێوەزاری ئاخاوتنی سعودی قسەدەکات، رۆژی دووشەممە 6ی شوبات لە ریازی پایتەختی سعودیە لە پێشانگایەکی گەورەی تەکنەلۆژیا ڕاگەیەندرا، کە رۆبۆتێکی خانمە و ناوی “سارایە”.

چالاکییەکانی ئەم پێشانگا  تەکنەلۆژیە نێودەوڵەتیە لە ژێر ناونیشانی “بەرەو ئاسۆی نوێ” دەستیپێکرد و تا 9ی شوبات رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.

ڕۆبۆتی “سارا” بە هاوکاریی نێوان تەکنەلۆژیای سعودیە و کۆمپانیای Qss دروستکراوە، و دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو سەردانکەرانی پێشانگاکە دروست بکات،  کامێرایەکی تێدایە کە بە زیرەکی دەستکرد کاردەکات، بەو پێیەی دەتوانێت مەودای ئەو کەسانە بناسێتەوە کە لەبەردەمیدا وەستاون و سەردانکەران بە دەستەواژەی سڵاو سارا گفتوگۆ لەگەڵی دەستپێدەکەن، هاوکات سەمای عەرەبیش دەزانێت.

بەپێی هەواڵەکەی “الاخبارية” لە زاری بەرپرسانی سعودیەوەوە لەرێگای تەکنەلۆژیاوە توانیویانە زیاتر لە نۆ ملیارد دۆلاریان بۆ وڵاتەکەیان رابکێشن، بە نمونە داخوازی کۆمپانیای ئەمریکی “مایکرۆسۆفت “و “ئۆراکل” لەم وڵاتە ڕوو لە زیادبوونە.