بەهۆی خانەنشینبوونی پارێزگار و جێگرەکەی بەیەکەوە
بینای پارێزگای ھەڵەبجە چۆڵە و فەرمانبەرانیش ناتوانن موچە وەربگرن
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
ماوەی دە رۆژە بەھۆی خانەنشینبوونی پارێزگاری ھەڵەبجە و جێگرەکەیەوە ھیچ جۆرە مامەڵەیەکی ھاوڵاتیان رایی نەکراوە، چونکە ھەموو مامەڵەیەک پێویستی بە واژۆی پارێزگار یاخود جێگرەکەیەتی، ئەوانیش دوای بڕیاری خانەنشینی خانەنشینبوون، فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگاش تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئەردەڵان سەڵاح، فەرمانبەر لە دیوانی پارێزگا بە 964ـی وت، ھێشتا موچەی ئەم مانگەمان وەرنەگرتووە، چونکە ھیچ کەسێک نییە واژۆ لەسەر پێدانی مووچەکانمان بکات، و لیستی موچەی مانگی دووش رەوانەی گەنجینە نەکراوە، بەهۆی ئەوەی کەس نەبووە واژۆ لەسەر لیستەکە بکات.
بە وتەی ئەردەڵان سەڵاح ھیچ مامەڵەیەکی ھاوڵاتیانیش ناتوانرێت رایی بکرێت، تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە ھاتوچۆ بە کارمەندانی دیوانی پارێزگا دەکەن، بۆ کڕینی سووتەمەنی پێویستیان بە واژۆیە، ئەگەرنا دەبێت لەسەر گیرفانی کارمەندان سووتەمەنیان بۆ بكڕدرێت.
بەھۆی یاسای خانەنشینبوونی نوێ، لە 31.1.2025ەوە ھەریەک لە ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە، و شاھین حەمەڕەزا جێگرەکەی خانەنشینبوون و تا ئێستاش ھیچ کەسێک رانەسپێردراوە بۆ وەرگرتنی ئەرکی پارێزگاری ھەڵەبجە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر