"لە خزمەتگوزارییەکانی ژینگە دابڕاون"

گۆڕستانەکانی خورماتوو لە زبڵ و خاشاک نوقم بوون

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

گۆڕستانی گەورەی قەزای خورماتوو بووەتە شوێنی زبڵ و خۆڵ و خاشاک، بەجۆرێک پاشەڕۆی ماڵان لەنزیک گۆڕەکان فڕێ دەدرێت و وەک چالاکوانێکیش دەڵێت شارەوانی قەزاکەش بێ باکە لە چارەسەرکردنی.

محەمەد جاسم چالاکوانێکی خورماتووە و بە 964ـی وت، چوار مانگ پێش ئێستا، ئیدارەی قەزاکە و شارەوانی بڕیاری پاککردنەوە و دانانی سیاج و دابینکردنی پاسەوانیان دەرکرد، بەڵام هیچ لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراوە و زبڵ و خاشاک گۆڕستانەکەی تەنیوە.

وتیشی، ئەوەی بەسەر گۆڕستانەکەدا هاتووە بەهۆی کەمتەرخەمی ئیدارەی قەزا و شارەوانیەوە بووە، چونکە نەیانتوانیوە شوێنێکی تایبەت بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک بۆ ماڵەکانی نزیک لە گۆڕستانەکە دابین بکەن و شارەوانیش بیانوو دەهێنێتەوەو و ئۆتۆمبێلی شارەوانی نانێرێت بۆ ئەو گەڕەکانە.

964 لەسەر ئەو کێشەیە چەند جارێک پەیوەندی بە مەرعی رەشید، بەڕێوەبەری شارەوانی قەزاکەوە کرد بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەی نەدایەوە.

لەبەرامبەردا قاسم عەلی، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو بە 964ـی وت، لەچەند رۆژی داهاتوودا دەست بە لێپرسینەوە و بەدواداچونەکانیان دەکەن لەجێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی شارەوانی.

964 لەرابردودا هەواڵێکی لەسەر خراپی دۆخی گۆڕستانەکان بڵاوکردەوە، ئەوکات شارەوانی قەزاکە بەڵێنی ئەوەی دا، لەماوی چەند رۆژێکدا جگە لە پاککردنەوەی گۆڕستانەکان دەروازە و پاسەوانیش بۆ بەردەم دەرگاکانی گۆڕستانەکە دابین دەکەن، بەڵام ماوەی چوار مانگ بەسەر بڕیارەکەیان تێپەڕی و هیچ کام لەو کارانە جێبەجی نەکراون.

قەزای خورماتوو خاوەنی چوار گۆڕستانی گەورەیە، چەندین ساڵە بە تەواوی پەراوێزخراون، جار جارە لە لایەن خێرخوازانی قەزاکەوە لە زبڵ خاشاک پاک دەکرێنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

گۆڕستانی غەریبان لە خورماتوو كێی لێ نێژراوه‌ ؟

گۆڕستانی غەریبان لە خورماتوو كێی لێ نێژراوه‌ ؟