ئۆپراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکان لە نزیک کەرکوک_ وێنە: ئەرشیف
ناوچەی زەرگە
تەرمی حەوت چەكدار دۆزرایەوە و هەندێكیان پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لەبەربوو
ئەرسەلان عەبدوڵا
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی لە کەرتی زەرگە لە سنووری نێوان هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین راگەیاند و دەڵێن، تەرمی حەوت چەكدار دۆزراوەتەوە.
شانەکە لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 2.2.2025 ئاشكرای كرد، هێزێكی هاوبەش بە پشبەستن بە راگەیاندراوی شانەی ئەمنی، دوای هێرشەکەی فڕۆكەی F16 كە رۆژی هەینیی رابردوو لە ناوچەی زەرگە ئەنجامی درابوو، ئەمڕۆ كێوماڵ و پشكنینیان بۆ ناوچەكە كرد و هێزەکە تەرمی حەوت چەكداری داع*ش*یان دۆزییەوە، کە هەندێکیان پشتێنی بۆمبڕێژكراویان لەبەردا بووە، جگە لە دۆزینەوەی چەکی جۆراوجۆر و کەرەستەی لۆجستی و ئامێری تاوانکاری و بەڵگە و کەرەستەی دیکە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکە تا ئێستاش لە ناوچەی دیاریكراو بەردەوامە ناسنامەی ئەو چەكدارانەی كوژراون، دەناسرێتەوە.
بە پێی راگەیاندراوەكە، ئەو هێزەی چوونەتە ناوچەكە پێكهاتبوون لە هێزی تایبەت، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین و هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری سەربازی.