گەنجێک بە کیلۆیەک تلیاکەوە دەستگیرکرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
هێزێکی ئەمنی لە بەغداوە گەیشتنە کەرکوک و لە کێڵگەیەکی پەلەوەردا گەنجێکی خانەقینیان بە کیلۆیەک تلیاکەوە دەستگیرکرد.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی کەرکوک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی 964ی وت، شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنیی تایبەت لە بەغداوە گەیشتنە گوندی کارێزی سەر بە ناحیەی شوان لە باکووری کەرکوک، لە نێو کێڵگەیەکی پەلەوەریدا گەنجێکی تەمەن 27 ساڵیان بە یەک کیلۆ تلیاکەوە دەستگیرکرد.
سەرچاوەکە وتیشی، پێشتر زانیاریی تەواویان لەسەر کەسەکە هەبووە، کە بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکانە و کڕین و فرۆشتنیشی پێوەدەکات.
دەستگیرکراوەکە هەرچەندە ناوەکەی ئاشکرا کراوە، بەڵام لێرە تەنیا ئاماژە بە پیتی یەکەمی دەدەین، کە (ع)ە و تەمەنی 27 ساڵە، خەڵکی خانەقینە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەو کێڵگەیەدا کرێکاری دەکات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2022دا لە هەرێمی کوردستان، 481 بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 381 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە.