تاکە ناوبژیوانەکەی هەڵەبجە

کێشەیەک لەگەڵ راھێنەرەکەی کردیە ناوبژیوانی پلە یەکی عێراق

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

ھەڵمەت حەیدەر، تاکە ناوبژیوانی پلە یەکی کوردستان و عێراقە لە ھەڵەبجە، لە تەمەنێکی منداڵیەوە خولیای وەرزشی ھەبووە، و لە تیپە میلییەکانەوە دەستیپێکردووە، ئێستاش ناوبژیوانی پلە یەکی عێراقە.

ژوورێکی ماڵەکەی کردووەتە مۆزەخانە و سەرجەم دەسکەوتەکانی تێدا پاراستووە کە لەماوەی 25 ساڵی رابردووی کارەکانیدا بەدەستی هێناوە.

ھەڵمەت حەیدەر بە 964ـى وت، “لە تیپە میلییەکانەوە دەستم بە یاریکردن کرد، و دواتر چوومە یانەی ھەڵەبجە، بە ھۆی کێشەیەکەوە کە لەگەڵ راھێنەری ئەوکات ھەمبوو، بڕیارمدا ببمە ناوبژیوان، دوای بڕینی سەرجەم قۆناغەکان لە ئێستادا بوومەتە ناوبژیوانی پلە یەکی کوردستان و عێراق”.

بە وتەی ھەڵمەت حەیدەر، ماوەی زیاتر لە 26 ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەو خەڵات و نازناوانەیە کە بەدەستیھێناوە، پێش ھاوسەرگیری کردنی لە ماڵی باوکیدا ھەموویانی پاراستووە، دوای ئەوەی ژیانی ھاوژینیشی پێکھێناوە، لە ماڵەکەی ژووی نازناوەکانی درووستکردووە، و ھەموویانی گواستووەتەوە بۆ ماڵە تازەکەی.

لە ئێستادا تاکە ناوبژیوانی پلە یەکی عێراقە لەسەر ئاستی پارێزگای ھەڵەبجە، ھەوادارێکی سەرسەختی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی مانچستەرسیتیە، ھەر بۆیە ژوورەکەی بە ئاڵا و رەنگی شین نەخشاندووە، کە رەنگی ھەڵبژاردەی ئەرجەنتین و مانچستەرسیتیە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا