فۆتۆ… رانیه‌ به‌ سێ گۆڵ له‌ دراوسێیه‌كه‌ی برده‌وه‌

964+
رانیه‌ – مه‌جید بیتوێنی

لە خولی پلە یەکی کوردستان بۆ تۆپی پێ، یانه‌ی رانیه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیدا بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر یانه‌ی قه‌ڵادزێدا تۆمار كرد.

یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی ئازادە ڕەش ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕی 12ی خوله‌كه‌ ئه‌نجام درا و ژماره‌یه‌كی زۆری هانده‌رانی وه‌رزشیی هه‌ردوولا ئاماده‌بوون، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای كه‌شی سارد و باراناوی ناوچه‌كه‌.

له‌ ئه‌نجامیشدا رانیه‌ یارییه‌كه‌ی به‌ 3-0 گۆڵ برده‌وه‌ و سێ خاڵی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

گۆڵه‌كانی رانیه‌، كاردۆست عه‌لی، لازۆ عه‌لی و سه‌رهه‌د حوسێن له‌ خوله‌كه‌كانی 45، 75، 76 تۆماریان كرد.

رانیه‌ به‌م بردنه‌وه‌یه‌ بووه‌ 18 خاڵ و له‌ پله‌ی 10یه‌می ریزبه‌ندییه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌ خولی پله‌ یه‌كی كوردستاندا دوو یاریی دیكه‌ به‌ڕێوه‌چوون، كۆیه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیدا به‌ 0-2 به‌ یانه‌ی شۆڕیجه‌ دۆڕا، هه‌روه‌ها یاریی نێوان زانكۆی جیهان و بروسك له‌ هه‌ولێر به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات.

خولی یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كان به‌ به‌شداریی 18 یانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئێستا یانه‌كانی سلێمانی، خاك و هه‌ولێر له‌ پله‌كانی یه‌كه‌م تا سێیه‌می ریزبه‌ندیین به‌ 19 خاڵ، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان 10 یارییان كردووه‌.