زەیت بەکاردەهێنن

هەواری شار دژ بە گەرای کرمی حەفار دەرمانڕێژی پارکەکەی دەکات


ئەحمەد مستەفا

مانگی یەک و دوو، کرمی حەفار گەرای خۆی بەردەداتە گیانی گەڵا و گوڵ، ئیدارەی پارکی هەواری شار بۆ ئەوەی گەرای کرمەکە روبەرووی زیانی گەورەیان نەکاتەوە، لە دژی دەستیان بە دەرمان رشتن کردووە.

بۆ رشاندنەکە، زەیتی “الشتوی” بەکاردەهێنرێ، کە گیراوەیەکی زستانەیە و لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26.1.2025، خەرمان محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری ئیدارەی پارکی هەواری شار بە 964ی وت، ئێستا کرمی حەفار دەستی بە دانانی گەرا کردووە، تا لە وەرزی بەهار و هاوین گەشە دەکات و  وەک کرم دەست بە گەڕان و خواردنی گەڵا دەکات.

بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەو گەشەسەندنە، ئیدارەی پارکەکە دەستی بە دەرمان رشتن کردووە، خەرمان محەمەد وتی، ئەو زەیتەی لە رشاندن بەکاریدەهێنن، زستانەیە سەرجەم گەرای کرمەکان دەکوژێ و ئامانجی تیمەکانی رشاندن ئەوەیە زۆرینەی رووبەری پارکەکە دەرمان رێژ بکەن.

پاركی هەواری شار، لەسەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی، دەیان جۆر دار و گوڵی سروشتی تێدایە، ساڵانە بە جۆری جیاواز دەرمانڕێژی بۆ پارێزگاری لە ژێرخانی پارکەکە دەکەن.