دەزگای مینی هەرێم وادەڵێت:
ئەو بۆمبەی لە گەزنە دۆزرایەوە بەهیچ شێوەیەک ئەتۆمی تیادا نەبووە
964+
توانا نەقی
ئەو بۆمبەی لە گوندی گەزنەی ناحیەی سمیلان دۆزرایەوە و دواتر لە ناوبرا بە هیچ شێوەیەک ئەتۆمی تیادا نەبووە ئەمە بە قسەی دەزگای مینی هەرێم دوای ئەوەی دەزگایەکی راگەیاندن وابڵاویکردبووەوە.
پیشتر وابڵاوکرایەوە کە بۆمبەکەی گەزنەی ناحیەی سمیلان سەر بە قەزای چۆمان نیشانەی ئەتۆمی لەسەر بووە، بەڵام تیمەکانی دەزگای مین بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان لێ کردووە و وانەبووە بۆیە بە رێکاری خۆیان لەناویان بردووە.
عەلی میران بەڕێوەبەری تەکنیکی دەزگای مینی هەرێم بە 964ـی وت، ئەو بۆمبە بەهیچ شێوەیەک نە ئەتۆم و نە چەکی ناوەکی و نە بالیستی نەبووە بەڵکو ئاسایی بووە پاشماوەی جەنگ بووە و لە ناویانبردووە.
وتیشی، ئەگەر بێت و پاشماوەیەک یان بۆمبێک ئەتۆمی تیادا بێت ئەوان سەربەخۆ لەناوی نابەن دەست بەجێ حکومەت و تەنانەت “یو ئێن”یش ئاگادار دەکەنەوە و رادەستی ئەوانی دەکەن هەرچەندە تا ئێستا ئەو حاڵەتەیان رووبەڕوو نەبووەتەوە.
“ئێمە تیمی تەکنیکیمان هەیە لێکۆڵینەوە لە مین و تەقەمەنیەکان دەکات و هەر لە جۆرەکەی تاوەکو ئەوەی بەچی شێوازێک دەبێت لەناوببرێت” عەلی میران وای وت.
دەزگای مین داوا لە راگەیاندن و هەرکەسێک دەکات کە هەرلەخۆیانەوە زانیاری نادروست بڵاو نەکنەوە بەڵکو زانیاریەکان لە کەسانی شارەزا و پەیوەندیدار بەو بابەتانە وەرنەگرن تاوەکو ترس و دڵەڕاوکێ لەلای هاوڵاتیان دروست نەبێت.