دیمەنێکی سەرەگرتنی خانەنشینان بۆ وەرگرتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان - وێنە؛ ئەرشیفی 964
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا
خانەنشینان پارەی لێبڕاویان بۆ دەگەڕێتەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا ئەو لێبڕینی 1% لە موچەی فەرمانبەران دەكرێت، خانەنشینان نەگرێتەوە و ئەوەشی لێیان بڕاوە، بۆیان بگەڕێندرێتەوە.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 13.1.2025ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو، كە نووسینگەكەی وردەكاری و بڕیارەكانی كۆبوونەوەكەی بڵاوكردەوە.
لە یەكێك لە بڕیارەكاندا هاتووە، “ئەنجومەنی وەزیران دەنگی دا بە بەخشینی خانەنشینان لە بڕیاری ژمارە (24888) سەبارەت بە لێبڕینی رێژەی (1%) لە موچەی فەرمانبەران بۆ پاڵپشتیکردنی (غەززە و لوبنان)، كە لە رێكەوتی دەرچوونی بڕیارەكە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 جێبەجێ دەكرێت، بەمەش ئەو بڕە پارەی لە خانەنشینان بڕاوە، بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران روونكردنەوەی لە بارەی بڕیارەكە داوە و دەڵێن، بەهۆی ئەوەی بۆ خانەنشینان زەحمەتە داواكاری پێشكەش بكەن، كە رازی نین ئەو لێبڕینە لە موچەكانیان بكرێت، بڕیاردرا سەرجەمیان لەو لێبڕینە ببەخشرێن.
هەروەها ئاماژەیان بەوەش كردووە، هەر فەرمانبەرێكیش بەو لێبڕینە رازی نییە، دەتوانێت لە رێگەی فەرمانگەكەی داواكاری پێشكەش بكات و ئەو 1%ی موچەكەیان نابڕێت و بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.
حكومەتی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 بڕیاری دا بە رێژەی 1% موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران ببڕێت و بیكاتە هاوكاری بۆ شاری غەزە و هەروەها وڵاتی لوبنان، كە بەهۆی شەڕی بەرامبەر ئیسرائیلەوە زۆر زیانیان پێگەیشتووە و بەشێكیان وێران بووە.