کەمترین قوڵى 450 مەترە

ساڵى رابردوو 27 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشکى کردووە

964+

وریا فەتاح

هەرچەندە پێشبینى دەکرا 40 بیر وشکى بکات، بەڵام بە وتەى بەڕێوەبەرى ئاوى دەرووبەرى هەولێر، لە ساڵى رابردوودا 27 بیر لە دەرورووبەرى هەولێر وشکى کردووە.

رێزان سه‌عدی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر به‌ 964ـى وت،”لە شەش مانگى یەکەمى 2024، 20 بیرى ئاو لە دەورووبەرى هەولێر وشک بوون، تا کۆتایى ساڵ ژمارەکە گەیشت بە 27 بیر”.

دەورووبەرى هەولێر سنوورى هەریەک لە قەزاکانى، مەخمور، قوشتەپە، خەبات، شەقڵاوە، هەریر و پیرمان، دەگرێتەوە.

وەک ئەوەى رێزان سەعید بۆ 964 ئاشکراى دەکات، گۆڕانکارى کەشوهەوا بە تەواوەتى لەسەر ئاوى ژێر زەوى هەولێر رەنگیداوەتەوە، چونکە ئەگەر جاران بیرێک لە 200 بۆ 300 مەتر هەڵکەنرابێت و گەشتبێتە ئاو، ئەوا لە ساڵى 2024 کەمترین قوڵى 450 مەتر بووە تەنانەت لە قوشتەپە کەمترین قوڵى 650 مەتر بووە.

باسى لەوەشکرد، بەهۆى بارانى زستانى 2023، توانراوە ئاستى ئاوى ژێر زەوى لە ئاستێکدا بمێنێتەوە و زیاتر دانەبەزێت، بۆیە ساڵى رابردوو وەک دەڵێت، وەزعیان باشبووە، بەڵام چاوەڕێ دەکەن بەهۆى ئەو بێبارانییەى ئەمساڵەوە، دۆخەکە خراپ بێت.

سەرەڕاى ئەوەى لە ئێستادا ئاستى ئاوى هەولێر و دەورووبەرى دابەزیووە بۆ 450 تا 750 مەتر، بەڵام بە تەواو بوونى پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو جگە لە چارەسەر بوونى کێشەى کەمئاوى شارەکە، فریاى بیرەکانیش دەکەوێت و بە وتەى ئارى ئەحمەد، بەرێوەبەرى گشتى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێم 1350 بیر رادەگرن.

وەک ئەوەى رێزان سەعید باسى دەکات، بە راگرتنى ئەو بیرانە تاڕادەیەک پارێزگارى لە ئاوى ژێر زەوى دەکرێت، چونکە هەربیرێک رۆژانە 1000 مەترسێجا ئاوى لە کەمییەکى بچوکى ژێر زەوى دەرهێناوە، بە راگرتنى ئەو بیرانە لە ماوەیەکى زەمەنیدا، ئاستى ئاوى ژێر زەوى بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت.

هەزار و 300 بیری ئاو لە هەولێر رادەگیرێن

هەزار و 300 بیری ئاو لە هەولێر رادەگیرێن