پێش ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە
“هەر بەرهەمێكی كشتوكاڵیی دەرەوە بە چوار فلتەردا تێپدەڕێت”
+964
دیلان محەمەد جەزا
کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان بۆ ئەو بەرهەمانەی بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت پشكنینی پێویستی بۆ دەكرێت، جێگری سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سێلمانییش ئاشكرای دەكات، ساڵی رابردوو زیاتر لە 450 تۆن سەوزە و میوە لەناوبراون.
عەتا محەمەد جێگری سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە 7.1.2025 بە 964 وت، ماوەیەکە لە سۆشیاڵ میدیا باس لە نەشیاوی بەرهەمەکانی عەلوەی سلێمانی دەکرێت، وەک عەلوە دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان بەرهەمەکان هیچ کێشەیەکیان نییە.
باسی لەوەش کرد، هەر بەرهەمێک دێتە ناو عەلوەی پێش ئەوەی بفرۆشرێت، ئەگەر بەرهەمی دەرەوەی كوردستان بێت، بە چوار فلتەردا تێپدەپەڕێت، ئەگەریش ناوخۆیی كوردستان بێت یەك فلتەری دەبێت و پشكنینی بۆ دەكرێت.
حاجی عەتا باسی لەوەش كرد، ساڵی رابردوو بەهۆی بەرزیی رێژەی نیترات لە هەندێك لە بەرهەمەكان، زیاتر لە 450 تۆن بەرهەمی سەوزە و میوە لەناوبراون، كە شیاوی خواردن نەبوون.
لە رۆژانی رابردوو سەرنج لەسەر بەرزیی رێژەی نیترات لە هەندێك بەرهەمی كشتوكاڵی وەك خەیار، كولەكە و فاسۆڵیای تەڕ هەبوو، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانیی هاوڵاتیان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا