گەشتوگوزار: شوێنەکە مەترسیدارە

لە سەرچاوەی زەڵم گەشتیاران گوێ بە دانانی “زنجیر و شریتی سوور” نادەن

فەرهاد حەسەن

گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لەسەر دوایین سەکۆی سەرچاوەی ئاوی زەڵم شریتی سوور و زنجیریان داناوە وەکو هێمایەک بۆ مەترسی ئەو شوێنە چونکە دەڵێت لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە بەڵام گەشتیاران گوێ بە مەترسییەکە نادەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، گرتە ڤیدیۆیەکی ئەو شوێنەی بلاوکردووەتەوە و نووسیویەتی “بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسیەوە ئەو شوێنەی لە ڤیدۆکەدایە دامانخست بەهۆی شکانی شوشەکانیانەوە و لەلایەن بەشی ئەندازیاریمانەوە لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە”.

ئاماژە بەوەکراوە بەهۆی مەترسی شوێنەکە شریتی سوورو زنجیریان لێداوە، بەڵام دەڵێت “فەرمون بەچاوی خۆتان بیبینن چۆن گەشتیاران دەچنە ئەو شوێنە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی گەشتیاران پابەندی رێنماییەکانمان نابن، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئاگادارمان کردنەوە، بەڵام سەرەڕای پێزانینیان بە مەترسی شوێنەکە کە چی دەڵێن ئێمە دەمانەوێ وێنەیەك بگرین!”

نۆژەنکردنەوەی هەندێک شوێنی سەرچاوەی ئاوی زەڵم و دانانی چەندین رێکاری نوێ دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی 9.6.2026 کچێکی تەمەن 11 ساڵی خەڵکی کەربەلا بەناوی روقەیە رافد کەوتە ناو سەرچاوەی ئاوی زەڵم لە ئەحمەداوا و دوای نۆ رۆژ گەڕان لەلایەن هاوڵاتیانی خۆبەخشی هەورامان و تیمەکان دۆزرایەوە و رۆژی 18.6.2026 بەمەراسیمێکی تایبەت گەڕێندرایەوە شاری کەربەلا.