قسەی روانگەی سورییە
“هێزە ئەمریکییەکەی کۆبانێ لەناو باڵەخانەیەک بۆ هەمیشە دەمێننەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێ، هێزێکی ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە شاری کۆبانێ جێگیربوون و لەناو باڵەخانەیەک دەمێننەوە.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری ئەمرۆ چوارشەممە 25.12.2024 بە پێگەی المشهدی وتووە، هێزە ئەمریکییەکە لە باڵەخانەیەکی شاری کۆبانێ جێگیربوون و بۆ هەمیشە دەمێننەوە.
لەبارەی دوا پەرەسەندنەکانی شەڕەوە لەگەڵ گروپەکانی سەر بە تورکیا، رامی عەبدولڕەحمان وتی، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە دوولاوە بەرەو مەنبج پێشڕەوییان کردووە، یەکەمیان لە باشووری رۆژهەڵاتەوە 12 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورن و لە میحوەری باشووریشەوە 17 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورن.
ئەوە لە کاتێکدا، سەرۆكی توركیا لە لێدوانەكانی ئەمڕۆی بۆ ئەندامانی حزبەكەی لە پەرلەمان، هەڕەشەی لە كوردانی رۆژئاوا و بە دیاریكراوی لە هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” كرد، وتی، “یان دەبێت گرووپە جوداخوازەكان چەكەكانیان دابنێن، یان لەگەڵ چەكەكانیان لە خاكی سوریا دەیاننێژین”.
پێشتر مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات”هەسەدە”. هەڕەشەی لە ئەردۆغان كردبوو، پێی وتبوو. “لە خاكی رۆژئاوای كوردستاندا كۆتاییت پێدەهێنم”.