یەکەمەکان خۆیان بە مافخوراو دەزانن

دامەزراندنى 51 کەس لە پەیمانگەى تەکنیکیى چۆمان ناڕەزایەتى لێکەوتەوە

964+

ئاکام غەفور-سۆران

بەشێک لە سێ یەکەمەکانی دەرچوی پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان، دژى دامەزراندنى 51 کەس لە پەیمانگەکەیان گردبوونەوە و خۆیان بە مافخوراو دەزانن و دەڵێن، دامەزراندنەکە لەسەر بنەماى خزمخزمێنە و حزبایەتى بووە.

سلێمان ساڵح، یەکێکە لە سێ یەکەمەکان کە دەرچووى پەیمانگەى تەکنیکیی چۆمانە، بە 964ـى وت، “وەک سێ یەکەمەکانی دەرچووی پەیمانگەی تەکنیکی چۆمان ژمارەمان نزیکەی 60 کەس دەبێت، بەڵام دانەمەزراوین، کەچى ئێستا 51 کەس لە پەیمانگاکە دامەزراون، کە بەشێکیان لەم پەیمانگایە نەیانخوێندووە و خەڵکى چۆمانیش نین”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەو 51 کەسەى دامەزراون، تەنیا یەک کەسیان دەرچووى ئەو پەیمانگەیە بووە و چوار کەسیش وانەبێژ بوون و ئەوانى دیکە راستەوخۆ کراون بە گرێبەست.

هاوبیر خدر، دەرچووى یەکەمى ساڵى 2021ـى پەیمانگەى تەکنیکیى چۆمانە، بۆ 964 قسەى کرد و وتى، “داواکارین لە وەزارەتى خوێندنی باڵا لیژنەیەک دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، بەشێک لە دامەزراوان مافی خۆیانە، بەڵام بەشێکی تریان لەسەر بنەماى خزمخزمێنە دامەزراون”.

964 سەردانى پەیمانگەى تەکنیکى چۆمانى کرد و ویستى بۆچوونى ئەوانیش لەسەر ئەو بابەتە وەربگرێت، بەڵام وەک ئەوەى فەرمانبەرانى پەیمانگەکە بە 964یان وت، راگرى پەیمانگە لە دەوام نییە، نەتوانرا لێدوانى فەرمى دەستبخات و وەڵامى پەیوەندییە تەلەفونییەکانیشى نەدایەوە.

964 ئەو بابەتەی گەیاند بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت،”تاکو ئێستا ئێمە ئاگادری ئەو بابەتە نین، کە لە چۆمان هەیە، بەڵام لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێک هاتووە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە بە ناوی تەواوی ئەو وانەبێژانەی ئەمساڵ بوون بە گرێبەست لە زانکۆ پەیمانگاکانی کوردستان وردبینی بۆ تەواوی ناوەکان دەکرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دامەزراندنەکەى زانکۆى راپەڕین تەقەى تێکەوت و لیستى مو...

دامەزراندنەکەى زانکۆى راپەڕین تەقەى تێکەوت و لیستى موچەى مانگى 10 رەوانەى بەغدا کرا