شێرکۆ گەڕایەوە و دووشەممەش بە خۆڕایی سەیری یاری هەولێر بکە
+964
فەرمان سادق
دوای کەمتر لە وەرزێک، شێرکۆ کەریم گەڕایەوە ریزی یانەی هەولێر.
یانەی وەرزشی هەولێر، گەڕانەوەی شێرکۆ کەریمی بۆ ریزی یانەکە راگەیاند، کە پێشتر لە هەولێرەوە پەیوەندی بە یانەی کوێتی کوێتی کردبوو.
یانەی هەولێر لەسەر پەیجی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە کە “بە شێوەیەکی فەرمی ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی پێشووی یانەی (کوێت)ی کوێتی و پێشووتری یانەکەمان، شێرکۆ کەریم، گەڕایەوە ریزەکانی قەڵا و منارە”.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی یانەی وەرزشی هەولێر بێت، گرێبەستی شێرکۆ کەریم تا کۆتایی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێراقە، چاوەڕوان دەکرێت لە یاری دووشەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی سناعە یاری بکات.
یانەی وەرزشی هەولێر، لە راگەیەنراوێکی دیکەدا بڕیاری داوە پلیتی یاری داهاتووی بکاتە بە خۆڕایی، داواش لە هاندەرانی یانەکەی دەکات ئامادەی یارییەکە بن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە “بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای یانەکەمان و هاندەرانی دڵسۆزی یانەی وەرزشی هەولێر، دەستەی کارگێڕی یانەکەمان، بڕیاریدا کە یاری داهاتووی یانەکەمان لەگەڵ یانەی سناعە، لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو 2023/2/6 کاتژمێر (5)ی ئێوارە لە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری، هاتنە ژوورەوەی یاریگا بۆ هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان و وەرزش دۆستانی شارەکەمان بە خۆڕایی بێت”.
یانەی وەرزشی هەولێر، بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە ریزبەندی 17ـیەمی خولی نایابی عێراقی دایە، لە 14 یاری رابردوودا تەنیا لە سێ یاری براوەبووە، لە چوار یاریش بەرامبەر و لە حەوت یاریش دۆڕاوە.