لەرێگەی رێكخراوی یەكێتی پیاوانەوە

بوڕهان عەلی 18 ساڵە خزمەت بە دۆزی رەگەزی نێرینە دەكات

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

كەسایەتییەكی لەخۆبردوو و خۆبەخشە، 18 ساڵە خۆی و هاوبیرەکانی دادکۆکی لە کەیس و مافی پیاوان دەكەن، دەڵێت، بەهۆی گرنگیدانم بە دۆزی پیاوان قوربانیم داوە بەدەستكەوتە مادییەكانم، زۆرجاریش تۆمەتیان داوەتە پاڵم و نەشیان هێشت ببم بە پەڕلەمانتار.

هەر کەس بورهان عەلی ببینێ دەزانێ باسی پیاوان لە گۆرێیە، خۆی باسی دەكات، یەكێتی پیاوانی كوردستان، تاكە رێكخراوە لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە خزمەت بە رەگەزی نێرینە دەكات، بەشێك لەدەستكەوتی مادیی سێ پیشەی رۆژانەی خۆشی كردووەتە دیاری رێكخراوەكە و خۆبەخشانە بەردەوامی پێ داوە.

لەبارەی بیرۆكەی دروستكردنی رێكخراوەكەوە، بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان کە بەشداری بەرهەمێکی 964ی کردووە دەڵێت، بیرۆكەی دامەزراندنی رێكخراوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007، ئەمەش پاش گۆرانكاری لە یاسای باری كەسێتی و دەستكاریكردنی لەبەرژەوەندی ژنان، لەرێگەی دەستەیەكی 15 كەسییەوە هەوڵماندا سەنتەر و مینبەرێك بۆ هۆشیاركردنەوەی پیاوان دروستبكەین، بۆ ئاگاداربوون لەو گۆڕانكارییانەی لە یاسای باری كەسێتی دەكرا لە پەرلەمانی كوردستان.

دوای دامەزراندن و كردنەوەی دەرگای رێكخراوەكە كەیسێكی زۆر رووی تێكردوون، بەتایبەتی كەیسی بینینی منداڵان لەلایەن باوكیانەوە، كە سەرەڕای ئەوەی تێچووی رۆژانەیان لەسەر باوكیان بووە، بەڵام بێبەش دەكران لە بینینیان.

بورهام وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، بەشێك لە هاوپیشەكانی ئێستا سەرمایەدارن و پڕۆژەی سەرمایەگوزاری گرنگیان پێدراوە، بەڵام ئەو بەهۆی رێكخراوی یەكێتی پیاوانەوە بێبەش كراوە، وە لە رووی پلە و پۆستەوە دووجار رێگری لێكراوە لەكاندید بوون بۆ پەرلەمانی كوردستان و لە ژێر فشاری رێکخراوەکانی ژناندا پاشەكشەی پێ كراوە.

دەربارەی داهات و تێچووی رێكخراوەكە دەڵێت، بەشێكی داهاتی سێ پیشەی رۆژانەی دەبەخشێتە رێكخراوەكە، لەبەرئەوەی رێكخراوەكە هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نییە، رۆژانەش ئەو كەیسانەی سەردانیان دەكەن تێچووی هەیە و بەشێك لە كەیسەكان خۆیان پارێزەریان بۆ دابین دەكەن، سەرباری ئەوەی داهاتەكەی دیاریكراوە، بەڵام تێچووی رێكخراوەكە لە نێوانی 500 بۆ 750 هەزار دیناری مانگانەیە و لەسەر گیرفانی دابینی دەکات، جگە لە هاوكاری دەستەی دامەزرێنەرانی كە هەریەكە و بەپێی توانای خۆیان هاوكاری رێكخراوەكە دەکەن.

دەربارەی ئەوەی ئەوان لە رێکخراوەکە بەدییان هێناوە، توانیمان كۆمەڵێك كاری باش بكەین، لەوانە گۆڕانكاریی لە یاسای بینینی منداڵان لەلایەن باوكانەوە، گۆڕانكاری لە ناوی توندوتیژی دژی ژنان بۆ توندوتیژی خێزانی، بورهان عەلی وای وت.

وتیشی، زۆرترین ئەو كەیسانەی مەترسین لەسەر پیاوان، كەیسی (خیانەت) ناپاكی هاوسەرگیرییە، كە مەترسیدارترینە بۆ پیاوان و ناتوانن ئاشكرای بكەن، بەشێكیشیان بە كوشتنی پیاوان كۆتایی هاتووە، ژن هەبووە خەڵكی راسپاردووە بۆ شكاندن و ترساندنمان، بۆ پاشەكشەكردن لەو كەیسانەی كە لەبەرژەوەندی پیاوەكەی لە دادگاكان كارمان لەسەر كردووە، لەساڵی 2024، زیاتر لە 550 سكاڵاو توندوتیژی دژی پیاوان لامان تۆماركراوە، لەو رێژەیەش توانیومانە بەدواداچون بۆ %30 ی كەیسەكان بكەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

نەوەیەکی سلێمانی 81 ساڵە داری کریسمس دەڕازێنێتەوە

نەوەیەکی سلێمانی 81 ساڵە داری کریسمس دەڕازێنێتەوە