دادگای فیدڕاڵی بۆی کۆدەبێتەوە

نا دەستووری بوونی دوو وەزارەتی هەرێمی کوردستان کراون بە سکاڵا

964+
ئەحمەد مستەفا

دادگای فیدراڵی عێراق، دوو کۆبوونەوەی پەیوەست بە دوو سکاڵای سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانی هەفتەی داهاتوو هەردوو سکاڵاکە لە کارنامەدا دانراون.

بڕیارە سەرەتا سکاڵاکان وردبینی بۆ بکرێت و رۆژی 23.12.2024 کۆبوونەوەکان بەڕێوەببرێن.

کۆبوونەوەکە، یەكەم دانیشتنە لەبارەی دوو سكاڵای تایبەت بە هەرێمی كوردستان، هەردوو سكاڵاكە لە لایەن یەك سكاڵاكارەوە بەناوی (خالید مستەفا حسێن) لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە.

سکاڵاکان ئەمانەن؛

سكاڵای یەكەم؛ سكاڵاكار داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەكات، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای ژمارە (8)ـی ساڵی 2006، بە نادەستووری ناو ببات، دوای بە نادەستوریی ناساندنی، سكاڵاكار داوا دەكات هەریەكە لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بكرێن بە درووستكردنی دەستەیەك بە ناوی (دامەزراوەی شەهیدان) كە بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ببەسترێتەوە و لە رووی دارایی و ئیدارییەوە دەستەیەكی سەربەخۆ بێت.

سكاڵای دووەم؛ سكاڵاكار داوا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەكات وەزارەتی (ئەوقاف و كاروباریی ئاینی هەرێمی كوردستان) بەگوێرەی یاسای ژمارە (11)ـی ساڵی 2007 بە وەزارەتێكی نادەستووریی ئەژمار بكات، هەریەكە لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بكات بە درووسكردنی دیوان بۆ ئاین و ئاینزا جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك ئەم دیوانانە ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە و لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە دەستەی سەربەخۆ بن.