"کامێرای چاودێری مزگەوتەکە ئیشیان نەکردووە"

کەسێک بێڕێزی بە حەرەمی مزگەوت کرد؛ ” چەندین قورئان و حەدیسی دڕاندووە”

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو و دەمەوبەیان کەسێک چووەتەناو حەرەمی مزگەوت و تەكیەی شێخ محەمەدی پیرخدری لە گەڕەكی كورانی نوێ لە هەولێر، لەناو هۆڵی خوێندن و كتێبخانەكەی چەندین قورئان و کتێبی دڕاندووە و شوێنەکەی شێواندووە.

مامۆستا سەعد پیرخدری وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەكە بە 964ـی وت، “درەنگانی شەو کەسێکی بە جشداشە و کڵاوێککەوە بەسەر دیواردا هاتووەتە ژوورێ و دوای ئەوەی چاودێری کردووە و زانیویەتی کەسی لێ نییە، چووەتە ناو کتێبخانەکە و ئەو کتێبانەی کە علومی شەرعین، وەک قورئان و حەدیس، هەمووی پارچە پارچە کردوون و بێڕێزی پێکردوون”.

“ئەو کەسە پلاکی کارەبای دەرهێناوە و ویستوویەتی شۆرتی پێ بکات، بەڵام فریا نەکەوتووە”، مامۆستا سەعد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، مزگەوتەکە کامێرای چاودێری هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەئێستادا نۆژە دەکرێتەوە، کامێراکان ئیش ناکەن، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و خەریکی لێکۆڵینەوەن.

سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ كیفاح حەسەن وتەبێژی پۆلیسی هەولێر کرد، ئەو وتی، “لەگەڵ هێزەكانی ئاسایش بەهەماهەنگی و بنكەی پۆلیسی ئاشتی کە لەو گەڕەكە جێگیرن، دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە”.

مزگەوتی شێخ محمەدی پیرخدری لەگەڕەكی كورانی عەنكاوەیە و لە ساڵی 2003ـەوە دروستكراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

"نابێ مامۆستا لەنێو حەرەمی مزگەوتدا ھێرش بکاتە سەر ھیچ کەس و لایەنێک"