مۆندیالی 964

دەستی خوا و گۆڵی سەدە”، چیرۆکی دوو گۆڵی مێژوویی”

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستی خوا و گۆڵی سەدە، چیرۆکی دوو گۆڵن، کە ئەمساڵ 40 ساڵی تەواو بەسەر یادەوەرییەکانیان تێدەپەڕێت و هەتا ئەمڕۆش باس دەکرێ و مشتومڕی لەسەرە.
تا ئێستا مێژووی تۆپی پێ هەر یەک مارادۆنای بەخۆیەوەبینیوە، کە چێژی یاری هەر لای ئەو بوو، بوێری و سەرکردایەتی و رووبەڕووبوونەوە سەرمایەداریی تۆپی پێ و دەسەڵاتی رەها، کاری ئەو بوو، دواجاریش باجەکەی دا.
بەڵام با باسی ئەو دوو گۆڵەتان بۆ بکەین، کە جیلی ئاڵتونی لەگەڵی ژیاون و جیلی نوێیش ڤیدیۆکانیان بینیوە و فیفاش لە دۆکیۆمێنتارییەکدا ناوی ناون دەستی خوا و گۆڵی سەدە.
لە 22ی حوزەیرانی 1986 لە یاریگەی ئازتیکا لە مەکسیکۆ سیتی، لە مۆندیالی مەکسیک، ئەرجەنتین و ئینگلتەرا لە قۆناغی هەشتدا رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
دیێگۆ سەرکردایەتی ئەرجەنتینی دەکرد بۆ خەونی بردنەوەی دووەم مۆندیال بۆ مێژووی وڵاتەکەی.

لە خولەکی 51 مارادۆنای باڵاکورت تۆپێک دەداتە ڤاڵدانۆ و دواتر بەرگریکاری ئینگلیزی ستیڤ هۆدگ تۆپەکە بەرزدەکاتەوە بۆ ناو هێڵی سزای خۆیان، دیێگۆش هەرچەندە 19 سانتیم لە پیتەر شیلتۆن کورتترە، بەڵام لەسەر سەری ئەو بە دەست تۆپەکە دەخاتە گۆڵ و رادەکات و ئاهەنگی گۆڵکردن دەگێڕێت، کە وای پیشان دا بە سەر تۆپەکەی گۆڵ کردووە.

هەرچەندە یاریزانانی ئینگلتەرا ناڕەزایی دەردەبڕن، بەڵام عەلی بن ناسڕی ناوبژیوانی تونسی وەک ئەوەی گۆڵەکەی پێ جوان بێت، بڕیاری دروستیی گۆڵەکە دەدات، ئێ خۆ ئەوکات ڤاریش نەبوو تا بۆی بگەڕێتەوە و قسەیەکی دیکە بکات.

یارییەکە توندوتیژ دەبێت، بەڵام دیێگۆ کە رقی لە ئینگلیزەکان بوو، هەر بەوەندە ناوەستێ و لە خولەکی 55 و چوار خولەک دوای گۆڵی یەکەم، لە ناوەڕاستی یاریگەوە تۆپێک وەردەگرێت و ئیتر پێدادێت، شەش یاریزانی ئینگلیزی یەک بەدوای یەک رێز دەکات و پیتەر شیلتۆنی گۆڵپارێزی ئەفسانەی ئینگلیزییش درێژ دەکا و تۆپەکە دەخاتە گۆڵەوە، ئەوەی سەیر بوو لە 14 چرکەدا 60 مەتری بڕی.

ئیتر ئەو رۆژە بووە مێژوویەکی نوێ بۆ مۆندیال و ئەرجەنتین و تۆپی پێ و مارادۆنا، هەتا دنیا ماوە ئەم دوو گۆڵە باس دەکرێن و ڤیدیۆکانی دڵخوازی هاندەرانی تانگۆن و بە شانازییەوە باسی دەکەن.

ئاگاتان لێیە ئێران لە مۆندیالی 2026 بە نیازی چییە؟

ئاگاتان لێیە ئێران لە مۆندیالی 2026 بە نیازی چییە؟