"باشە و خراپیشە"
تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە دەرمانەكانی دابەزاندنی كێش دەدات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، پۆلێکی نوێی دەرمانی دابەزاندنی کێش، کە لەلایەن کۆمپانیای نۆڤۆ نۆردیسک و ئێلی لیلی پەرەی پێدراوە، رەنگە كۆتایی بە كێشەی قەڵەوی لە جیهان بهێنێت، كە وەك پەتایەكی لێهاتووە، بەڵام هێشتا نیگەرانی بەرامبەر دەرمانەكان هەیە.
رێکخراوە جیهانییەکە ئەم هەفتەیە رایگەیاندووە، نیگەرانن لەوەی ئەگەر سیستمی تەندروستی بە باشی ئامادە نەبێت، ئەوا دەرمانەکان دەتوانن، هەوڵەکان بۆ وەڵامدانەوەی كێشەی قەڵەوی لە جیهاندا بەفیڕۆ بدەن، یان كەمتر سەرنجیان بكەوێتەسەر، ئەمەش خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و رێوشوێنی دیکە بۆ باشترکردنی تەندروستی لەبار دەبەن.
لە وتارێکی بۆچووندا، کە لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکی ئەمریکی “JAMA” بڵاوکراوەتەوە، گەورەزانای رێکخراوی تەندروستی جیهانی، جێرمی فێرێر، راوێژکارەکەی، فرانسیسکا سێلێتی، و بەڕێوەبەری خۆراکی رێکخراوەکە، فرانچیسکۆ برانکا، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو دەرمانە نوێیانە “توانای ئەوەیان هەیە جیاوازییەکی گەورە دروست بکەن” لە چارەسەرکردنی قەڵەویدا، بەڵام هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەر ئەم دەرمانانە بە باشی لە ستراتیژییە تەندروستییە گشتییەکاندا یەکنەخرێن، لەوانەیە کاریگەری نەرێنی درێژخایەنیان هەبێت.
توێژینەوەکانی ئەم دواییە پێشتر هۆشدارییان دابوو، کە دەرزی دابەزاندنی کێش، کە بۆ دابەزاندنی خێرای کێش بەکاردێت، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی دروست دەکات، ئەمە جگە لەوەی پێویستە رێژەیەک لەو کەسانەی بەکاری دەهێنن لە پێناو پاراستنی کێشیاندا لە بەكارهێنانی نەوەستن.
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە نزیکەی نیوەی ئەو نەخۆشانەی کە لە کۆتاییدا واز لە بەکارهێنانی دەرمانی دابەزاندنی کێش دێنن، کە بەکۆمەڵ بە دەرمانی GLP-1 ناسراون، هەندێک کێشیان زیاد دەبێتەوە.
شارەزایان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەوانەی واز لە خواردنی دەرمانی GLP-1 دێنن و دەستبەجێ کێشیان زیاد دەکەنەوە، زیاتر یەک شتیان هاوبەشە: وەرزش ناکەن.