هەریر
کارمەندێکی کارەبا چاوێکی لە دەست دا
+964
ئاکام غەفور-سۆران
کارمەندێکی کارەبای هەریر لە کاتی کارکردن تەلێک بەرچاوی دەکەوێت و بەهۆیەوە چاوێکی لە دەست دا.
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ سێشەمە 17.12.2024 بووە، لە گوندی بەردینی نوێ و لە کاتی کارکردن بووە کە سەرقاڵی گۆڕینی دژە بروسکەیەک بوونە.
مەحمود حەمەد، بەرپرسی فەرمانگەی کارەبای هەریر، باسی کاتی رووداوەکە بۆ 964 دەکات و دەڵێت، ئەو کارمەندەی کارەبای هەریر لە کاتی دەوامی خۆی دەچنە گوندی بەردینی نوێ بۆ گۆڕینی دژەبروسکەیەک، پێش ئەوەی دەست بە کارەکە بکەن لە سێ شوێن کارەبایان بە تەواوی کوژاندوەتەوە، ئەو کارمەندەمان بە سەلـلە سەردەکەوێت بۆ ئەنجامدانی کارەکەی، بەڵام لە پڕ دەنگێک دێت و ئەو کارمەندە شتێک بەرچاوی دەکەوێ، کە تەلەێکی کارەبا بووە.
وتیشی، “بەداخەوە بەهۆی رووداوەکە ئەو کارمەندە چاوێکی لەدەستداوە، ئێمەش تا ئێستا دڵنیا نین کە رووداوەکە چۆن روویداوە، چونکە کارەبا بە تەواوی کوژێندرابووەوە و نازانین لەو کاتە چۆن تەزووی کارەبا دروست بووە”.
کارمەندەكە، ناوی دانەر محەمەدە، تەمەنی 34 ساڵە و دانیشتوی قەزای هەریرە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا