لەسەر هەموو دامودەزگاکان
رۆژئاوای کوردستان بریاری دا ئاڵای نوێی سوریا هەڵبکات
964+
وریا فەتاح
ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان بڕیاری دا، لەبەر ئەوەى ناوچەکانیان بەشێکى دانەبڕاون لە سوریا، ئاڵاى نوێى سوریا لەسەر هەموو دامەزراوەکانیان بەرز بکەنەوە.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی دووپاتی کردەوە، ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا نوێنەرایەتی بەشێکی دانەبڕاو لە جوگرافیای سوریا دەکەن و بەهۆی ئەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە پێکهاتەی رەسەنی سوریان، ئەنجومەنی گەلانی دیموکرات بڕیاری دا ئاڵای سوریا لەسەر هەموو ئەنجومەنەکان، دامەزراوەکان هەڵبکرێت.
جەختیش کراوەتەوە، بڕیارەکە هەموو بەش و دامەزراوەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە.
بەپێى بەیاننامەیەک کە ئەنجومەنی دیموکراتی گەلانی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوى کردووەتەوە، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی سەردەمی ستەم و ستەمکاری کە رژێمی سوریا بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر خەڵکیدا سەپاند، لەو ماوەیەدا سوورییەکان بەدەست نادادپەروەری و پەراوێزخستن و دوورخستنەوە دەیانناڵێنن، سوورییەکان مافی خۆیانە ئاهەنگ بگێڕن بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی خۆیان بۆ رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە ناڕەوایە.
باس لەوەش کراوە، لە ژێر رۆشنایی ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە، بڕیاریانداوە ئاڵای نوێ کە بە سێ رەنگی سەوز، سپی و رەش لەگەڵ سێ ئەستێرەی سوور، وەک رەمزی قۆناغی نوێ، کە گوزارشت لە سورییەکان دەکات، هەڵبکەن.
ئەنجومەنەکە پابەندبوونی خۆی بە نوێنەرایەتیکردنی خواستەکانی گەلی سوریا و هەموو پێکهاتەکانی دووپاتدەکاتەوە، کە بە کارکردن بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتیدا لەسەر بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا دامەزراوە.