وەزارەتى راگەیاندنى سوریا هاتە دەنگ
بەشار ئەسەد دەستى لەکارکێشاوەتەوە؟
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی راگەیاندنی سوریا دەڵێت، ئەو ڤیدیۆیانەی لە بارەی دەستلەکارکێشانەوەی بەشار ئەسەد بڵاوکراونەتەوە، ساختەن و بە ژیری دەستکرد دروستکراون، جەختیشى کردووەتەوە، بەشار ئەسەد دەستى لەکارنەکێشاوەتەوە.
بەپێى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى راگەیاندنى سوریا بێت، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى بڵاوکراونەتەوە ساختەن و داواش دەکات باوەڕیان پێنەکەن.
ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گروپە چەکدارەکانی سوریا رایانگەیاند، چوونەتە ناو شاری حەما لە ناوەندی سوریا کە یەکێکە لە شارە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، گروپە چەکدارەکان توانیویانە گرتوخانەی سەرەکی شارەکە بگرنە دەست و بە سەدان زیندانییان ئازاد کردووە.
هەرچەندە لە بەیانییەوە میدیای فەرمی سوریا نکوڵی دەکەن لە کەوتنی حەما، بەڵام دەمەو ئێوارە بە ناڕاستەوخۆ دانیان بە لەدەستدانی بەشێکی شارەکەدا ناوەو دەڵێن: حەما لەژێر هێرشێکی قورسدایە.