لە سەر رێگای دینارتە
ماتۆڕسوارێک بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە سەر رێگایی ناحیەی دینارتە، لە رووداوێکی هاتوچۆدا شوفێری ماتۆڕسیکلێک لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەر رێگای ناحیەی دینارتە لە قەزای ئاکرێ رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان ماتۆڕسیکلێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت رویدا ،شوفێری ماتۆڕسیکلەکە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵی خەڵکی گوندی ئەرتینێیە لە ناحیەی دینارتە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
نێچیرڤان فەخرەدین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئاکرێ بە 964ـی وت، بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بە سەختی بریندار بوو، بۆیە بە ئەمبوڵانس رەوانەی نەخۆشخانەی ریاکەوتنی دهۆک کراوە.
وتیشی، برینی گەنجەکە زۆر سەخت بووە و بەشی زۆری جەستەی شکاوە بەهۆی رووداوەکەوە.
سەرچاوەییەکیش لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی بە 964ـی، شوفێری ماتۆڕسیکلەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی دهۆکە و دوای پشکنین رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە.
ناحیەی دینارتە دەکەوێتە سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: توانا نەقی