بەدواداچوونی وردی تیمی 964
چەند کاتژمێرێک هەموو دۆخی سوریای گۆڕی، چی روویداو چی لە رێیە؟
964+
ژووری هەواڵ
بارودۆخەکەی سوریا ئاڵۆزە، هێزە جیاوازەکانی ئەوێ و رۆژئاوای کوردستان کەوتوون بەسەر پێشهاتێکی نوێدا، هێشتا لایان روون نییە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، لەناو ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەدا زۆر پرسیار هەن وەڵام نەدراونەتەوە، 964 لەرێی زنجیرەیەک پەیوەندییەوە وەڵامی زۆربەیانی دەستکەوت.
میدیاکارانی هەرسێ بەشی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی 964 هەریەکەو لەسەرچاوەی خۆیانەوە کەوتنە سۆراغی بارودۆخە نوێیەکە، ئەنجام ئەم زانیارییە وردانەی لێ دەستکەوت.
دیمەنە گشتییەکە
حەلەب دەکەوێتە باکوری سوریاو دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە، لەوەتەی شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سوریا دەستی پێکردووە بۆ یەکەمینجارە ئەو شارە لە دەست هێزەکانی رژێمی سوریادا نامێنێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو هێزەکانی نزیک لە تورکیا لەپڕ هێرشیان کردە سەر حەلەب و زۆر کەمی ویست شارەکە بە تەواوی کەوت، هێزەکانی رژێمی سوریا بێ بەرگری ناوچەکەیان چۆڵکرد.
ئامانجەکە حەلەب نەبوو، بەڵام حەلەب کەوت
سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوریا کە بەهۆی پێگەکەی ئاگاداری جموجۆڵەکانە بە 964ی وت: رۆژی هێرشەکە هێزەکانی محەمەد جۆلانی پلانیان ئەوە بووە ناوچەکانی دەوروبەری حەلەب کۆنترۆڵ بکەن و بە نیازی ناو حەلەب نەبوون، بەڵام هەر ئەوەندەی هێرشەکە دەستی پێکرد سوپای سوریا خۆیان نەگرت و ناوچەکەیان چۆڵکرد، بۆیە هێزە هێرشبەرەکان بەردەوام بوون و هێرشیان بردو هەموو حەلەبیان کۆنترۆڵکرد.
هەڵبژاردنی کاتی هێرشەکە زۆر ورد بوو
سەرچاوەکەی 964 وتی: کاتی هێرشەکە زۆر بە وردی دیاریکرابوو، فیرقەی چواری سوپای سوریا لە حەلەب بوون، ئەو فیرقەیەی ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد سەرپەشتی دەکات، ئەو رۆژە هێزە شەڕکەرەکانی فیرقەکە کشاونەتەوەو هێزی پشتیوانی هێنراوەتە جێگەیان، رێک لە کاتی ئاڵوگۆڕی ئەو هێزانە هێرشەکە ئەنجامدراوە.
فاکتەرێکی تری هۆکاری خێرا کەوتنی حەلەب ئەوە بووە، ئەم ناوچەیە بەدرێژایی شەڕو ئاڵۆزی چەند ساڵەی سوریا بەردەوام هێزەکانی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی لێ بووە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی لوبنان و ئیسرائیلەوە نە حیزبوڵا و نە ئێران لەو ناوچانە نەماون.
هەسەدە کەوتە جوڵە
هێزەکانی سوریا دیموکرات کە لەلایەن مەزڵوم عابدییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، هەر ئەوەندەی هەواڵی کەوتنی حەلەب دەبیستن دەکەونە جوڵە، ئەم هەنگاوەیان دوو ئامانجی لە هەیە، یەکەمیان سنورەکەی خۆیان قاییم بکەن و نەهێڵن هێزەکانی نزیک لە تورکیا هێرش بەرێت بۆ سنوری ئەوان، دووەمیشیان رێڕەوێک بۆ ئەو کوردانە بکەنەوە کە لە حەلەبدان.
سەرچاوەکەی 964 وتی: نزیکەی نیو ملیۆن کورد لە حەلەب دەژین، هێزەکانی سوریای دیموکرات ویستویانە رێڕەوێک بکەنەوە بۆ پاراستنی ئەو کوردانە ”چونکە پێشتر کورد ئەزموونێکی خراپی هەبووە لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە تورکیا”.
ئەو ناوچەیەی هەسەدە هێرشیان بۆ کردووە فڕۆکەخانەی حەلەبیشی تێدایە، بەڵام سەرچاوەکەی 964 دەڵێت ”هێزەکانی سوریای دیموکرات نیازیان نەبووە فڕۆکەخانەی حەلەب بگرن و لەوێش نامێننەوە، بەڵام فڕۆکەخانەکە کەوتووەتە سەر ئەو رێڕەوەی ئەوان هێرشیان بۆ کردووە”.
هەسەدە تیا ماوە
زیاد لەسەرچاوەیەکەلە سوریاو رۆژئاوای کوردستانەوە بە 964 یان وت: هێزەکانی سوریای دیموکرات نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیە بکەن، چونکە نیو ملیۆن کورد لە حەلەب هەیە، نە دەتوانن هەموویان ببەنە ناوچەکانی هەسەدەو نە دەشتوانن بچن ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەن کە کوردی تێدایە، بۆیە ئێستا لە سەرکردایەتی هەسەدە گفتوگۆیە لەسەر ئەوەی هەنگاوی داهاتوویان چی بێت.
عێراق ترساوە، بەڵام ئاگادارە
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی عێراقی دەڵێن: بەغدا ئاگاداری ئەو جموجۆڵانەیەو دەشزانێت پلانەکە لەسەرەتاوە بە چاودێری و ئاگالێبوونی هەواڵگری تورکیا داڕێژراوەو ئەوان سەرپەرشتی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هێرشەکەیان کردووە.
سەرچاوە عێراقییەکە بە بەشی عەرەبی 964ی وتووە: هێزە عێراقییەکان ”تێگەیشتنێکی کامڵ”یان هەیە بۆ ئەوەی لە سوریا روودەدات، لە رێی چەند سەرچاوەیەکی ”کۆن و تازەوە”.
سەرچاوەکە دەڵێت ”عێراق لە شەڕی داعشەوە هەندێ سەرچاوەی مەیدانی پەیداکردووە، ئێستاش سودیان لێ دەبینێت بۆ زانینی جموجۆڵەکان و تێگەیشتن لەوەی لە سوریا روودەدات”.
سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن: هەموو هێرشەکەی سوریا بە چاوساغی هەواڵگری تورکیا بووەو راستەوخۆ دوای وەستانی شەڕەکەی لوبنان بووە.
لەگەڵ ئەمەشدا عێراق ترساوە لەوەی گرژییەکان دزە بکاتە دیوی ئەمدیوەوە، بۆیە هێزێکی زۆری بردووەتە سەر سنور.
لە عێراقەوە ویستیان بچن نەیانتوانی
لەماوەی پێنج رۆژی رابردوو چەند گروپێکی چەکداری عێراق هەوڵیانداوە بگەنە حەلەب و کۆمەکی هێزەکانی ئەسەد بکەن، بەڵام لە ئاسمانەوە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لێیانداون و نایانهێشتووە بگەنە شوێنی مەقسەد.
چی روودەدات؟
رووداوەکان تەمومژاوین و نازانرێت رۆژانی داهاتوو چی روودەدات؟ ئایا ئەم ناوچانە دەبنە بەشێک لە کارتی دانوستانی نێوان تورکیاو سوریا یان نا، بەتایبەتی کە لەرۆژانی یەکەمی هێرشەکە تورکیا خۆی نەکرد بە خاوەنی پرۆسەکە، بەڵام وا خەریکە وردە وردە جدیتر دەچێتە ناو گەمەکە.
ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەم پێشهاتەکان ئەوەیە، ئاخۆ ئەو هێزانە دەتوانن ئیدارەی حەلەب بکەن یان نا، بەتایبەتی کە زۆر هێزی ناچونیەک و ناتەبا پێکەوە ئەم کارەیان کردووە.
دەستەی تەحریری شام کۆکراوەی چەند گروپێکی چەکداری جیاوازە، کۆنە قاعیدەو کۆنە داعش و نوسرەو خۆراسانی و تەوحیدو جیهادیان تێدایە، ئەمانە بۆ کاتی هێرشەکە توانیویانە یەک بن، بەڵام بۆ ئیدارەدانی ناوچەیەکی بەرفراوانی وەک حەلەب زەحمەت دەبێت پێکەوە کاربکەن، هەرچەندە توانیویانە ئیدلیب بەڕێوە ببەن، بەڵام ئیدلب و حەلەب پێکەوە بەراورد ناکرێن.