خولێکی پیشەیی لە هەڵەبجە وێمە: کار و راهێنانی پیشەیی هەڵەبجە
لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 50 خول کراوەتەوە
لە هەڵەبجە گەنجان فێری پیشەی جیاواز دەکرێن
ژێوار خدر
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، گەنجان فێری پیشەی جیاواز دەکرێن، بەڕێوبەرایەتیی کار و راهێنانی پیشەیی پارێزگاکە، مانگانە راهێنانی هەمەجۆر دەکاتەوە و هەر جارە و کۆمەڵێک گەنجی سنوورەکە بەشداری راهێنانەکان دەکەن، لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 700 گەنج فێری چەندین پیشەی جیاواز کراون.
فەرحان نەسرەدین، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی کار و راهێنانی پیشەیی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ئەمڕۆ یەکشەممە 1.12.2024، بە هاوکاری رێکخراوێکی ئیسلامی چوار خولی جیاوازمان دەستپێکردووە و 60 گەنجیش لە سنووری پارێزگاکە بەشدارییان کردووە.
وتیشی، خولەکان پێکهاتوون لە خولی راهێنان لە بوارەکانی چاکردنەوەی مۆبایل، بەرهەمهێنانی قارچک، گرافیک دیزاین و وزەی خۆر و 15 بەشداربوو بۆ هەر خولێکیان بەشدارییان کردووە هەر یەکەیان بۆ ماوەی 30 رۆژی کرداری بەردەوام دەبن.
روونیشیکردەوە، ئەوان دوو جۆر خولیان هەیە، کە بەشێكیان حکومین و بەشەکەی دیکەشیان رێکخراوەیین و لەلایەن رێکخراوەکانەوە بودجەیان بۆ دابین دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداری خولەکان بکەن، پێویستە فۆڕمێک پڕ بکەنەوە کە بە شیوازی ئۆنڵاین لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە بڵاویدەکەینەوە و دوای هەڵسەنگاندن بەپێی ئاست و شارەزایی کەسەکان بەشداربووەکان هەڵدەبژێردرێن.
“بەشێک لە خولەکانمان پاکێجی خستنەسەرکاریان لەگەڵە و ئەو کەسانەی بەشداریی دەکەن، بۆ ماوەیەک بە شێوەی ئەزموونی دەخرێنە سەر کار و ئەگەر توانیان سەرکەوتوو بن، دەتوانن ببن بە کارمەندی هەمیشەیی و ئەم پاکیچەش تەنیا لەلایەن بەشیک لەو رێکخراوانەوەیە کە خولەکان دەکەنەوە” فەرحان نەسرەدین وای وت.
بەڕێوەبەرایەتیی راهێنان و کاری پیشەیی هەڵەبجە، لە ماوەی دوو ساڵی دامەزراندنیەوە زیاتر لە 50 خولی جیاوازی لە سەرجەم بوارەکاندا کردووەتەوە، و نزیک 700 کەسیش لە تەمەنەکانی نێوان 18 بۆ 45 ساڵیدا بەشادری خولەکانیان کردووە.