کاتی 77 پرسیارەکەیە
سبەی دوا قۆناغی سەرژمێری دەستپێدەکات
964+
ژێوار خدر
سبەینێ قۆناغی سێیەم و کۆتایی پڕۆسەی سەرژمێری دەستپێدەکات و 77 پرسیار ئاڕاستەی هەر خێزانێک دەکرێت، پڕۆسەکەش بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، سبەی شەممە 30.11.2024، قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
دەشڵێت، بژمێرەکان ئەم جارە سەردانی سەرجەم خێزانەکان دەکەنەوە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆڕمی پرسیارنامەی خێزانەکان و 77 پرسیاری دیکەیان لە پرسیارنامەی باری دیموگرافی کۆمەڵایەتی، ئابوری، پەروەردەیی، تەندروستی، کارو بێکاری، نیشتەجێبوون، کۆچ و هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون، زانیاری کارتی نیشتمانی و فۆڕمی خۆراک، رۆژی لەدایکبوون و ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون لەنێو خێزاندا، لێ دەکەن.
جگە لەوانەش بژمێرەکان پرسیار لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بوونی پێویستییەکانی ناو ماڵ لەتەواوی خێزانەکان دەکەن، جا شارنشین بن یان گوندنشین.
سەبارەت بە کوردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوبراو، پێویستە ئەو کەسانەی لە قۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان، بۆ قۆناغی کۆتاییش یەک کەس لەئەندامانی خێزانەکانیان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و دەرئەنجامی پرۆسەکەش بەشێوەیەکی دروست کۆتایی پێبێت.
وەزارەتەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات، هاوکاری بژمێرەکان بن هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشووتر، لەپێناو سەرخستنی دوا قۆناغی پڕۆسەی سەرژمێری.