کێشەیەکی یاسایی هەیە

جارێکی دیكە کارەکانی دووسایدی فیدڕاڵی لە کۆیە وەستا

964+

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

بڕیاربوو مانگی 11ی ئەمساڵ کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی فیدڕاڵی لە قەزای کۆیە تەواو بکرێت، تاسەی هاوڵاتیانی کۆیە بشکێت و بەسەر شەقامێکدا بڕۆن کە حەوت ساڵە چاوەڕێن، بەڵام بوونی کێشەیەکی یاسایی و نەمانی بڕگەیەک لە دەرخستەی کۆمپانیای جێبەجێکار، جارێکیتر کارەکانی پرۆژەکەی وەستاندەوە.

محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانیی کۆیە، بە 964ی وت، کاتێک کۆمپانیای جێبەجێکار دەرخستەی پرۆژەکە دەگەڕێنێتەوە یەکێک لە بڕگەکانی دەرخستەکەی تێدا نامێنێت، کە نازانین هۆکارەکەی چییە و بۆ نەماوە، ئێمە داوامان کرد چارەسەر بکرێت و ئەو بڕگەیە دابندرێتەوە و کارەکان بەردەوام بن، دواتر لیژنەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگای هەولێرەوە دەرچوو، ئێستا کۆمپانیاکە بلۆک کراوە و لەوەیە کارەکانی پرۆژەکە بدرێت بە کۆمپانیایەکی دیکە.

وتیشی، “پرۆژەکە چەند قۆناغێکی باشی بڕیوە، بۆیە نامانەوێت کارەکان بوەستن و لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەداین، تا بە زووترین کات  پڕۆژەكە تەواو بکرێت”.

سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ کارەکانی تەواوکردنی دووسایدی فیدڕاڵی لە قەزای کۆیە سەرلەنوێ درا بە کۆمپانیایەکی دیكە و دەستیان بە پڕۆژەکە کردەوە، پڕۆژەکە چەندین قۆناغی بڕی و بەشێکی شەقامەکە نزیکە لە تەواوبوون، بەڵام پێناچێت ئەمساڵیش هاوڵاتیان تەواوبوونی ئەو شەقامە بە چاوی خۆیان ببینن.

نزیکەی حەوت ساڵە کارەکانی دووسایدی فیدڕاڵی لە کۆیە کە درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت تەواو نەکراوە، شەقامەکە گرنگییەکی زۆری هەیە و کارئاسانییەکی زۆر دەکات بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیانی کۆیە و شارەکانی تریش، کە بە ناو کۆیەدا هاتوچۆ دەکەن و چەند گەرەکێکی دوور بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە شەقامی فیدڕاڵی کۆیە پردێکی دیکە دروست دەکرێ

لە شەقامی فیدڕاڵی کۆیە پردێکی دیکە دروست دەکرێ