بەپێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری
ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە لە شەش ملێون کەس
964+
شۆڕش قادری
بەپێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زیاترە لە شەش ملێون کەس.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، “بەپێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی هەریمی کوردستان جگە لە ناوچە جێناکۆکەکان، شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە”.
بە قسەی وەزیری پلاندانان، ژمارەی نێر لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەسە، لەبەرامبەردا ژمارەی مێ، سێ ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسە.
ئەوەش دوای ئەوەدێت کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 24.11.2024 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێری، ژمارەی خێزان لە وڵاتەکە گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان و کۆی گشتی دانیشتووانیش بە بیانی و پەنابەرانەوە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 890 کەسە.