300 حاڵەتی تۆماركراوی لێیە
بەردەڕەش زۆرترین تالاسیمیای هەيه و بێ سەنتەریشە
+964
ژوولی عەدنان
رێكخراوێكی خوێبەخش دەڵێت، لەچاو قەزاكانی هەرێمی كوردستان، بەردەڕەش زۆرترین حاڵەتی نەخۆشی تالاسیمیای لێ تۆماركراوە و ئەوان بەردەوام خوێن بۆ ئەو نەخۆشخانە دابین دەكەن، تا ئێستاش سەنتەرێكی تایبەت بەو نەخۆشییەی لێ نەكراوەتەوە.
هیوا محهمهدئهمین، سهرۆكی رێكخراوی دڵژینی خوێنبەخشین به 964ـی وت، سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ تۆماركردنی یەكەمین حاڵەتی تالاسیمیا لە بەردەڕەش، رێكخراوەكەیان دامەزراندووە و ئێستاش بەپێی نوێترین ئاماریان، 300 حاڵەت لە رێكخراوەكەیاندا تۆمار كراون.
وتیشی “لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ هەزار حاڵەتی تالاسیمیا تۆماركراون، كە تەنیا 300 یان لەبەردەڕەشن، لەسەر ئاستی هەرێمیش هیچ قەزایەك بەقەد بەردەڕەش ئەم نەخۆشییەی لێ تۆمار نەكراوە”.
ئاماژەی بەوەش كرد، خۆی سەردانی وەزیری تەندروستی كردووە و لە نزیكەوە داوای كردنەوەی سەنتەرێكی تایبەت بەم نەخۆشییەی كردووە، بەڵام دەڵێت “تا ئێستا سەنتەرەكە نەكراوەتەوە و نەخۆشانی بەردەڕەشیش بەردەوام لە سەنتەرەكەی ئاكرێ چارەسەر وەردەگرن”.
باسی لەوەش كرد، ئەوان لە رێگەی رێكخراوەكەیانەوە، كە خۆبەخشییە، مانگانە هەڵمەتی خوێنبەخشین لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و فەرمانگە حكومییەكان ئەنجام دەدەن و ئەو خوێنەی كۆیدەكەنەوە، لە رێگەی بانكەكانی خوێن لە سنووری پارێزگای دهۆک دەدرێتە نەخۆشانی تالاسیمیا و شێرپەنجە.
پێشتر هیوا محەمەدئەمین بە 964ـی وتبوو، لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی رێكخراوەكەیان دامەزراندووە، توانیویانە زیاتر لە چوار هەزار بتڵ خوێن لە هەڵمەتەكانیان كۆبكەنەوە و رادەستی بانكەكانی خوێنی بكەن