لێدان و دەستدرێژی سێکسی و رووتكردنەوە
ئەمەریکا بڕی 42 ملیۆن دۆلاری بەخشییە دەستگیرکراوانی پێشووی زیندانی ئەبوغرێب
+964
ژوولی عەدنان
دەستەی سوێندخواردنی ئەمەریکا بڕی 42 ملیۆن دۆلار (33 ملیۆن پاوەند)ی بە سێ دەستگیرکراوی پێشووی زیندانی بەناوبانگی ئەبوغرێبی عێراق بەخشی، بەڵێندەرێکی بەرگری کە بنکەکەی لە ویلایەتی ڤێرجینیایە، بە بەرپرسیار زانیوە کە دوو دەیە لەمەوبەر بەشداری کرد لە خراپەکارییەکانیان.
بڕیارەکە لە دژی کۆمپانیای CACI Premier Technology لە دووەم دادگاییکردنی ئەم کەیسە دێت کە یەکەمیان لە بەهاردا بە دادگاییکردنی هەڵە کۆتایی هات، دوای ئەوەی دەستەی سوێندخواردن نەیانتوانی بگەنە بڕیارێک.
دادگا راستەوخۆ گوێی لە داواکاران (سوهەیل ئەلشمەری، سەلاح ئەلعجەیلی و ئەسعەد ئەلزوبەعی گرت)، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2008دا دۆسیەکەیان تۆمارکرد.
ئەوان باسی لێدان و دەستدرێژی سێکسی و رووتكردنەوەی زۆرەملێ و مامەڵەی دڕندانەی دیکەیان کردووە لەسەر دەستی زیندانییەکانیان.
دەستەی سوێندخواردنی ئەمەریکا بڕی 42 ملیۆن دۆلاری بەخشییە دەستگیرکراوانی پێشووی ئەبوغرێبی عێراق
کۆمپانیای CACI لێکۆڵەری بۆ سوپای ئەمریکا لە زیندانەکەی ڕۆژئاوای بەغدا دابین کرد، لە دادگا، پارێزەرانی بەڵێندەرەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە کارمەندەکانی ڕاستەوخۆ دەستیان لە دەستدرێژیکردنەکەدا نەبووە، کە لەلایەن پۆلیسی سەربازییەوە ئەنجامدراوە.
بەڵام دەستەی سوێندخواردن لایەنگری داواکاران و ئیدیعاکانیان کرد کە CACI هێشتا بەرپرسیارە، چونکە ئەو لێکۆڵەرەوانەی کە دابینیان کردبوو پۆلیسی سەربازییان ڕێنمایی کردبوو کە دەستگیرکراوەکان “نەرم بکەنەوە”.
کۆمپانیای CACI لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە کراوە بە قوربانی.
کۆمپانیاکە وتی: “بۆ ئەوەی روون بێت: هیچ کارمەندێکی CACI تا ئێستا تۆمەتبار نەکراوە – بە شێوەیەکی تاوانکاری، مەدەنی، یان کارگێڕی – لەم بابەتەدا.”
بەپێی زانیارییەکان ئەم بڕیارە گرنگە یەکەمجارە بەڵێندەرێکی مەدەنی لە رووی یاساییەوە بەرپرسیار بێت لە مامەڵەی ریسواکردن لەگەڵ دەستگیرکراوەکان لە ئەبوغرێب.
دەستەی سوێندخواردن، هەریەکەیان سێ ملیۆن دۆلاریان وەک قەرەبووکردنەوە و هەریەکەیان 11 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی سزایی بە داواکاران بەخشی بە (ئەلشمەری، سەرۆکی قوتابخانەی ناوەندی، ئەلعجەیلی، رۆژنامەنووس و ئەلزوبعی، میوەفرۆش).
ئەلعجەیلی لە بەیاننامەیەکدا دوای بڕیارەکە وتی: “ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەم رۆژەم کردووە.” “ئەم سەرکەوتنە رووناکییەکی درەوشاوەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ستەمیان لێ کراوە و هۆشدارییەکی بەهێزە بۆ هەر کۆمپانیایەک یان بەڵێندەرێک کە هەر جۆرە ئەشکەنجەدان و سووکایەتیکردنێك ئەنجام بدات.”
سەدان پیاو لە دوای لەشکرکێشی ئەمریكا لە ساڵی 2003 لە ئەبوغرێب لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکران و دەستبەسەرکران.
لە ساڵی 2004دا ژمارەیەك وێنەی بێزراوی زیندانەکە دزەی پێکرا، لەناویاندا یەکێکیان دەردەکەوێت کە سەربازێک زیندانییەکی رووت بە قایشی سەگ رادەکێشێت.
یازدە سەربازی ئەمریکی بە تاوانی شکاندنی یاسا سەربازییەکان سزا دراون، بەڵام زۆربەیان سزای تەنیا چەند ساڵێکیان بەسەردا سەپێنراوە، دوایین سەرباز کە لە زینداندا مابووەوە و لەم دۆسیەیەدا سزادرابوو، لە مانگی ئابی ساڵی 2011 ئازادکرا.
تێبینی: بۆ ئامادەكردنی ئەم بابەتە سوود لە راپۆرتێكی BBC وەرگیراوە